پوتن و ترەمپ لەبارەی نرخی نەوت گەیشتنە رێكەوتن

هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نرخی نەوتە لە بازاڕی وزەی جیهان

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتن هاوتا رووسییەكەی لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات لەبارەی كێشەی نرخی نەوت لە بازاڕی وزەی جیهان، گەیشتنە رێكەوتن.

پێشتر هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڤلادیمێر پوتن، هاوتا رووسییەكەیەوە دەكات.

ئەم گوتانەی ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكیدا هاتوون و دووپاتیكردەوە، "پەیوەندی بە بەڕێز پوتنەوە دەكەم".

لەبارەی بابەتەكانی گفتوگۆی نێوان خۆی و ڤلادیمێر پوتنیش، دۆناڵد ترەمپ ئاشكرایكرد، نرخی نەوت، بازرگانی و رووبەڕووبووەنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاوتوێ دەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، "هەریەك لە رووسیا و سعوودیە لە بارەی نرخی نەوت تووشی شێتی بوونە".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەبارەی كاریگەرییەكانی داكەوتنی نرخی نەوت لەسەر ئەمەریكا ترەمپ گوتی: "ئێمە پیشەسازیەكی مردوومان ناوێت كە دوچاری وێران بوون بووبێت، ئەمە بۆ هەموو لایەك خەراپە. ئەو ململانێیەی نێوان رووسیا و سعوودیە پەیوەندی بە رێژەی ئەو نەوتەوە هەیە كە بەرهەمی دەهێنن، هەردوو لا شێت بوونە".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هۆی مەترسی كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و لە لایەكی دیكەشەوە زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت فشاری زۆری لەسەر بازاڕی وزەی جیهان درووست كردووە.

بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان سعوودیە و رووسیا لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، تا دێت نرخی نەوت روو لە دابەزین دەكات، بە شێوەیەك كە لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا ئێستا نزمترین ئاستی تۆماركردووە.

H.B

Fly Erbil Advertisment