ترەمپ لەبارەی نرخی نەوت پەیوەندی بە پوتنەوە دەكات

"ئێمە پیشەزایەكی مردوومان ناوێت كە دوچاری وێران بوون بووبێت"

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرایكردن، ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڤلادیمێر پوتن، هاوتا رووسییەكەیەوە دەكات.

ئەم گوتانەی ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكیدا هاتوون و دووپاتیكردەوە، "پەیوەندی بە بەڕێز پوتنەوە دەكەم".

لەبارەی بابەتەكانی گفتوگۆی نێوان خۆی و ڤلادیمێر پوتنیش، دۆناڵد ترەمپ ئاشكرایكرد، نرخی نەوت، بازرگانی و رووبەڕووبووەنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاوتوێ دەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، "هەریەك لە رووسیا و سعوودیە لە بارەی نرخی نەوت تووشی شێتی بوونە".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەبارەی كاریگەرییەكانی داكەوتنی نرخی نەوت لەسەر ئەمەریكا ترەمپ گوتی: "ئێمە پیشەسازیەكی مردوومان ناوێت كە دوچاری وێران بوون بووبێت، ئەمە بۆ هەموو لایەك خەراپە. ئەو ململانێیەی نێوان رووسیا و سعوودیە پەیوەندی بە رێژەی ئەو نەوتەوە هەیە كە بەرهەمی دەهێنن، هەردوو لا شێت بوونە".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هۆی مەترسی كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و لە لایەكی دیكەشەوە زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت فشاری زۆری لەسەر بازاڕی وزەی جیهان درووست كردووە.

بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان سعوودیە و رووسیا لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، تا دێت نرخی نەوت روو لە دابەزین دەكات، بە شێوەیەك كە لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا ئێستا نزمترین ئاستی تۆماركردووە.

H.B