ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكات
ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە، چەند پرسێكی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و داھاتووی خوێندنی ئەمساڵ تاوتوێ دەكات.
ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بە كوردستان24ـی راگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی پەیوەست بە رێكارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تاوتوێ دەكرێن، لەوانە، چۆنیەتی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان. ھەروەھا تاوتوێكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ ھاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی كە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەدا بەھۆی رێكارەكانی حكوومەت زەرەرمەندبوونە و بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، لە بواری كرێی دوكانەكان و كەمكردنەوەی باج".
ئاماژەی بەوەشكرد "گەشبینین ئەنجوومەنی وەزیران بگاتە ئەنجامێكی باش بۆ ھاوكاریكردنی ئەو كەسانە".
ئامانج رەحیم، راشیگەیاند "تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، ئامادەكارییە بۆ خوێندنی ئۆنلاین و وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا پلانی خۆیان دەخەنەڕوو دەربارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی حكوومەت بەرچاوی روون بێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین و ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی و دڵنیابوونەوە لەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت".
لای خۆیەوە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە كوردستان24ـی گوت " 5ی نیسان یاسای چاكسازی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و تەوەرێكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، دەركردنی پەیڕەوێكە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە مووچە پەیڕەو بكرێت، ھەروەھا باس لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت و چۆنیەتی زیادكردنی داھات دەكرێت و ھەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكرێن".
