چیرۆكی ئەو ژنە دووگیانەی بۆ مانەوەی خۆی و كۆرپەكەی شەڕی مان و نەمانی كرد

"مه‌رگمان بینی و جارێكی دیكه‌ ده‌رفه‌تی ژیانمان پێدرایه‌وه‌"

K24 - دهۆك:

كارین مانیرینگ Karen Mannering خەڵكی هێرن بای Herne Bay یە، لە كێنت Kent و ژنێكی دووگیانە و لە مانگی شەشەمی سكپڕییەكەی دایە.
ئەم ژنە 39 ساڵییە، لە هەفتەی دووەمی مانگی ئاداری 2020، تووشی كۆخەیەكی بەردەوام دەبێت، بەڵام كارمەندانی نەخۆشخانەی ناوچەكە دوودڵبوون لە نەخۆشخانە بیهێڵنەوە، بەڵام لە یازدەمین رۆژدا، رایان گۆڕی.
كارین دەڵێت: "هەستم كرد تەنگەنەفەسیم لێ دەركەوتووە، پەیوەندیم بە ژمارە 999 كرد، پاشٍ چەند خولەكێك، ئەمبوڵانس لە بەردەرگای ماڵەكەمان وەستا. زۆر پێویستیم بە ‌هەڵكشانی هەوا بوو، بۆیە دەمودەست ئوكسجینیان بۆ دانام".
ئەنجامی پشكنینەكانی كارین بۆ كۆڤید – 19 پۆزەتیڤ دەبێت. تووشی هەوكردنی سییەكانی ببوو، بۆ یەك هەفتە لە ژوورێكی تاكە كەسیدا جیاكرایەوە.
كارین باسی مانەوەی خۆی لە نەخۆشخانەكەدا دەكات و دەڵێت: "رێگا بە هیچ كەسێك نەدەدرا بمبینێت، كاتێكی پڕ لە تاریكی و تەنیایی. دوو سێ رۆژ لەسەر تەختی نەخۆشخانە بووم، هەتا نەم دەتوانی بۆ تەوالێتیش بڕۆم. بۆ گۆڕینی چەرچەفی قەروێڵەكەش دەبوایە بە دەست منیان وەرگێڕابایە".
كارین درێژە بە قسەكانی دەدات: "كاتێك تەنگەنەفەسیم توند دەبوو، گوێم لە جووڵە و هەرای كارمەندانی تەندروستی دەبوو، كە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئامێرەكانی ئۆكسجین دەبوون بۆ چاودێریكردنم. لەو كاتانەدا، بە بەردەوامی بە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەكەم هەبوو، دڵی منیان دەدایەوە تاكو ئارام بم. ئەوان لە مردنی من دەترسان و خۆیان بۆ خراپترین شت ئامادەكردبوو. من بۆ هەر هەناسەیەكی ژیان و منداڵەكانم، شەڕی مان و نەمانم دەكرد".
كارین نایشارێتەوە و دەڵێت "هەرگیز ئەو هەستەی خۆم لە بیر ناچێتەوە كە لە رۆژی دەرچوونم لە نەخۆشخانە هەناسەی پاك و ساردی دەرەوەم هەڵكێشا". بەو شێوەیەش باس لە چۆنەوەی بۆ ماڵ دەكات: "خۆم و هاوسەرەكەم بە ئۆتۆمبێلەوە بەرەو ماڵەوە چووین و دەمامكمان نەبەستبوو و پەنجەرەكانی ئۆتۆمبێلەكەش كراوە بوون و هەستم بە بای فێنك كرد و بەهای بچووكترین شتم زانی".
كارین پێیوایە لە ساڵۆنی جوانكاری كە ئیشی لێدەكات تووشی ڤایرۆسەكە بووە، بەڵام بە دروستی نازانێت چۆن ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی لە نەخۆشیەكە پارێزراوبوون و تووش نەبوون.
سه‌رچاوه‌: BBC

نووسینی: ئانا کۆڵینسون Anna Collinson

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: شەماڵ ئاکرەیی