دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە هێشتا خۆی لە هەموو كەسێك بە دوور گرتووە
پەیامێكیش ئاراستهی گهنجهكان دهكات
K24 - دهۆك:
جێسی كڵارك Jessie Clark خەڵكی شیفیڵد Sheffield، هەستی دەكرد تووشی كۆڤید -19 دەبێت، چونكە نەخۆشییەكی درێژخایەن لە گورچیلەیدا هەیە و پێش پێنج ساڵ گورچیلەیەكی لابراوە.
كاتێك كۆخە و تەنگەنەفەسییەكی توند لە جێسیی 26 ساڵ دەركەوتن، هەستی بە دڵەڕاوكێ كرد، لە دوای چەند رۆژێك جووڵەكردنی بە ئەستەم كەوت.
دوای ئەوەی تەنگەنەفەسییەكەی جێسی كڵارك بە هێزتر بوو، گواسترایەوە نەخۆشخانە.
جێسی باسی حاڵەتەكەی دەكات و دەڵێت: "ئازارێكی زۆر لە پشت و سك و پەراسووەكانم هەبوو، هەر وەكو ئەوەی جەستەم تووشی لێدان بوو بێت".
دەزگیرانەكەی بۆ نەخۆشخانەی برد و لە وێ لە یەك جیاكرانەوە، جێسی دەڵیت: "دەترسام بە تەنیا بمێنمەوە و ئەوەندە لاواز ببووم، پێویستیم بە هەر كەسێك هەبوو یارمەتیم بدات".
جێسی زیاتر باسی بارودۆخی تەندروستی خۆی لە نەخۆشخانە دەكات و دەڵێت: "دەمامكێكی سەوز كە تێلێكی كانزایی بەسەرەوە بوو بۆ لووتم تاكو خۆی پێ بگرێت، لەسەر دەموچاوم دانرا. پاشان منیان بردە شوێنێك دیار بوو بۆ نەخۆشەكانی كۆڤید – 19 تەرخانكرابوو، هەموو نەخۆشەكان بە مەودایەك لە یەك دوور بوون. پزیشكەكان نەیانتوانی پشكنینم بۆ بكەن لەبەر زۆری حاڵەتەكان، بەڵام ئەوان دڵنیابوون من تووشبوومە، چونكە لە هەردوو سییەكان هەوكردنم هەیە و بە منیان گوت دەبێت لە كەرەنتینە دابیت و ئازار شكێنەكان بخۆیت".
لە نەخۆشخانەدا و پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست، جێسی لەگەڵ دەزگیرانەكەی بۆ ماڵەوە گەڕایەوە. هەر چەندە هەندێك ئاریشەی هەناسە وەرگرتنی مابوو، بەڵام لە مەترسی ڤایرۆسەكە كە نازانرێت چۆن تووشی ببوو، خۆی لە هەموو كەسێك دوور خستەوە.
لە دوای پێنج رۆژ لە دەرچوونی لە نەخۆشخانە، جێسی هێشتا هەندێك ئاریشەی لە جووڵەكردن هەیە، رۆژانە بۆ ماوەی 18 كاتژمێر دەخەوێت، ئێستا كۆئەندامی هەناسە دانی بەراورد لەگەڵ ئەو كاتەی كە لە نەخۆشخانە بوو، زۆر باشترە.
جێسی كڵارك، پەیامێك بە گەنجان رادەگەیەنێت و دەڵێت: "گەنجان باوەڕیان وایە بە هێزن و تووشی كۆرۆنا نابن، بە داخەوە هەندێك زانیاریش هەبوون گوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەژموونی لەسەر گەنجان نییە، بەڵام پێتان دەڵێم وا نییە و ئەوە من گەنجم و تووشبووم".
ئانا كۆڵینسون Anna Collinson
سەرچاوە: BBC