به‌هۆی كۆرۆنا توندوتیژیی خێزانی له جیهان په‌ره‌ی سه‌ندووه
ته‌نیا له هه‌فته‌یه‌كدا له 30%ی ژنانی فه‌ره‌نسا ئه‌شكه‌نجه دراون

K24- هه‌ولێر:
له سەردەمی کۆرۆنا راپۆرتی دوور و درێژ له هەموو جیهان سەبارەت به توندوتیژی خێزانی بڵاو دەبێتەوه، ئەویش لەبەر ئەو رێکارانەی حکومەته‌كان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا گرتوویانەتەبەر.
كه‌ناڵی "بی بی سی" عه‌ره‌بی له راپۆرتێكدا باسی ئه‌وه ده‌كات، "له هەندێك وڵات توندوتیژی گەیشتووەته ئاستێك که حکومەت لەسەری هاتووەته دەنگ، له‌وانه‌ش فەرەنسا، که تەنیا له یەك هەفتەدا رێژه‌ی 30%ی ژنان ئەشکەنجه دراون، بۆیه حکومەت دەمودەست رێکاری پاراستنی بۆ ئەو ژنانه دانا، که له سەردەمی کۆرۆنا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوه".
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "کاتێك سەیری ئاماری ئەوروپا دەکەین، نەك هەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا مەترسیی لەسەر ملیۆنان خەڵك دروست کردووه و ئاستەنگیی دروست کردووه، بەڵکو مانەوه له ماڵەوەش هەندێك کێشەی دیکەی دروست کردووه و کاریگەرییه نەرێنییەکانی سەرنجی حکومەتەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوه".
كه‌ناڵی بی بی سی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "لەناو وڵاتانی ئەوروپا، دەنگی ناڕەزایی و بێدەسەڵاتیی ژنان زۆرتر لەو وڵاتانه دەبیسترێت، که بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، وەك: بریتانیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و تەنانەت ئەمه‌ریکاش بێبەش نەکراوه. بۆیه دەکرێت بگوترێت: ئێستا جگه له کۆرۆنا، توندوتیژیی خێزانیش بووەته بابەتی نەتەوه یەکگرتووەکان که کاری لەسەر دەکات.
له‌م باره‌شه‌وه به‌گوێره‌ی كه‌ناڵه به‌ریتانییه‌كه، "سكرتێرێ گشتیی نەتەوه یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس خوازیاری دەرکردنی رێوشوێنی کردووه و گوتوویه‌تی: پەیامی مەترسیدار لەناو بنەماڵەکان دەبیسترێت، زوڵم له ژن و کچان دەکرێت، هەمووشی بەهۆی مانەوه له ماڵەوەیه".
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، "ئه‌گه‌ر سەرنج بدرێته سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوڕاست، به گوێرەی راپۆرتەکان له وڵاتانی عەرەبی له یەك مانگدا له سەردەمی کۆرۆنا، رێژەی توندوتیژی دژی ژنان به بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 100% زیادی کردووه و تەنیا له لوبنان توندوتیژی 80% زیاد بووه، هۆکارەکەشی بۆ مانەوه له ماڵەوه و هەڵدانەوەی لاپەڕه‌ی کۆنی کێشەکان و نەمانی داهات، دەگەڕێتەوه".
راپۆرته‌كه‌ی "بی بی سی" دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، "تەنیا باس کردنی کێشەی کۆمەڵایەتی بەبێ باس کردن له چارەسەر نابیت. بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتی ئەڵمانیا 120 ملیۆن یۆرۆ بۆ کردنەوەی شەڵتەرەکان دابین کردووه تەنای له سەردەمی کۆرۆنادا، بۆ ئەو ژنانەی لەلایەن پیاو یان باب یا برا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوه".
H.B