رۆژنامه‌یه‌كی رووسی: "توركیا متمانه‌ی به‌ رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا نییه‌"

توركیا خه‌ریكی چییه‌

K24 – هه‌ولێر:

نووسه‌ری و شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی رووسیا، ئیگۆر سۆبۆتین، له‌ رۆژنامه‌ی "نیزاڤیسیمایا گازێتا" وتارێكی له‌ باره‌ی ره‌وشی ئیدلب و هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ تێكه‌ڵكردنی چه‌كداره‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی سووریا له‌گه‌ڵ هێزه‌ ره‌سمییه‌كانی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ وتاره‌كه‌دا هاتووه‌: توركیا هه‌وڵه‌كانی چڕ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌هێزكردنی سوپاكه‌ی له‌ سنووری ئیدلبدا. ئه‌و شاره‌كه‌ی كه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی لایه‌نگری توركیا باڵیان به‌سه‌ردا كێشاوه‌. له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت په‌یكه‌ری هێزه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ رێكبخاته‌وه‌. هه‌وڵده‌دات میلیشیاكان په‌یوه‌ست بكات به‌ هێزه‌كانییه‌وه‌ و بیانكات به‌ به‌شێك له‌ هێزه‌ ره‌سمییه‌كانی. ره‌نگه‌ سه‌ركردایه‌تی توركیا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵبدات رێگری له‌ مه‌ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری ئه‌و هێزانه‌ و سووپای سووریا بكات.

له‌و باره‌یه‌وه‌، شاره‌زا و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی رووسیا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌، ئه‌نتۆن مارداسۆڤ، رایگه‌یاندووه‌، یه‌كخستنی هێزه‌كانی توركیا و به‌رهه‌ڵستكاره‌كان وه‌ڵامێكی روونی ئه‌و گرژیانه‌یه‌ كه‌ له‌ مانگی شوبات و ئازاری رابردوو له‌ ناوچه‌كه‌ هاتنه‌ ئاراوه‌ و ده‌یان سه‌ربازی سوپای توركیا به‌ هۆیانه‌وه‌ كوژران. ئێستا توركیا زۆر به‌ هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ ده‌كات. ده‌یه‌وێت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پشت به‌ پێكهاته‌ی سه‌ربازی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ ببه‌ستێت. چونكه‌ په‌یكه‌ره‌ كلاسیكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئیدلب، په‌یكه‌ری هه‌یئه‌ی ته‌حریری شامه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ توركیا رێكی بخاته‌وه‌ و په‌یكه‌رێكی نوێ له‌و هێزانه‌ درووست بكات.

رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ئیدلب هه‌وڵه‌كانی سه‌قامگیری سه‌ركه‌ون، قورس ده‌بێت هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام وه‌ك فاكته‌رێكی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر دیمه‌شق به‌كار بهێنرێت.

مارداسۆڤ، باسی له‌وه‌شكردووه‌، دیمه‌شق رێگه‌یه‌كی دیكه‌ تاقیده‌كاته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانه‌كانی توركیا رابكێشێت به‌ لای خۆیدا و له‌وانه‌ هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ئیمارات ده‌دات. ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ره‌وشه‌كه‌ ئاڵۆزتر بكات. له‌و نێوه‌دا رووسیا ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگی له‌ نێوان توركیا و وڵاتانی كه‌نداو بپارێزێت.