ئوردن نوێژكردن له مزگه‌وت له مانگی ره‌مه‌زان قه‌ده‌غه ده‌كات
بۆ رێگریكردنه له بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا
K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری ئه‌وقافی ئوردن رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی نوێژكردن له مزگه‌وت له مانگی ره‌مه‌زان قه‌ده‌غه ده‌كات، كه له هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ستپێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاته‌كه‌یان.
محه‌مه‌د خه‌لایله، وه‌زیری ئه‌قافی ئوردن دووپاتی كرده‌وه، نویژی ته‌راویح له مزگه‌وته‌كان ناكرێت و گوتی: "نوێژی فه‌رزه‌كانمان له ماڵه‌وه كردووه و نوێژی ته‌راویحیش هه‌ر له ماڵه‌كانمان ده‌كه‌ین نه‌ك له مزگه‌وته‌كان، بۆ مه‌به‌ستێكی گه‌وره له شه‌ریعه‌تی ئیسلامی".
وه‌زیری ئه‌وقافی ئوردن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێویسته له ماوه‌ی مانگی ره‌مه‌زاندا پابه‌ندی دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بین"، رونیشی كرده‌وه، "له مانگی ره‌مه‌زان دانیشتنه زانستییه‌كان له مزگه‌وته‌كان به‌بێ جه‌ماوه‌ر به‌ڕێوه ده‌چن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پێشتر حكومه‌تی ئوردن داخستنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و زانكۆ و ده‌سته حكومییه‌كانی تا كۆتایی ئه‌م مانگه راگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ولێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڤید-19.
جێگای ئاماژه‌یه، تا ئێستا 391 حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا و مردنی 7 كه‌س به‌و په‌تایه له‌و وڵاته تۆماركراون.
H.B