ھاووڵاتییەكی دیكەی كورد لە سێدارەدرا
لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە 4 هاووڵاتیی کورد لە سێدارەدراون
K24 - ھەولێر
ھاووڵاتییەكی دیكەی كورد لە زیندانیی ناوەندی سنە لە سێدارەدرا. بەگوێرەی ئاماری رێكخراوەكان لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە چوار ھاووڵاتی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە سێدارەدراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سینا موحەمەدی خەڵكی دێھگولان، لە زیندانی ناوەندی سنە لە سێدارەدرا.
بەپێی رێكخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، ئەو ھاووڵاتییە كوردە ماوەی 7 ساڵە لە زینداندایە و بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، ئەمڕۆ سزاكەی بەسەردا جێبەجێكرا.
بەپێی ئامارەكانی ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە 4 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و سەقز لەسێدارە دراون.
كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی دەربڕی لە رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران و ئیدانەی دەكات.
پەیوەست بەو پرسە میشێلێ باچلێ، كۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی لە سێدارەدانی دوو ھاووڵاتی كورد شایان سەعیدپور و مەجید ئیسماعیلزادە لە زیندانەكانی ئێران دەكات، كە لە كاتی ئەنجامدانی تاوان تەمەنیان لە خوار ھەژدە ساڵییەوە بووە و نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە جێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەدان بەسەر ئەو زیندانییانەی لە ماوەی رابردوودا لە زیندانەكانی ئێران نارەزایەتییان دەربڕیبوو.