پێشه‌وا هه‌ورامانی: کابینەی نۆیەم تەنیا 9 مانگە کار دەکات و 8 مووچەی داوە و تەنیا مووچەی مانگی نیسانی لاماوە

ئێستا چی دەگوزەرێت، بەغدا چی دەوێت، کەی ئەم دۆخە چاک دەبێت؟

K24 – هه‌ولێر:                   

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشه‌وا هه‌ورامانی رایگه‌یاند، کابینەی نۆیەم تەنیا 9 مانگە کار دەکات و 8 مووچەی داوە و تەنیا مووچەی مانگی نیسانی لاماوە.

له‌ وتارێكدا، پێشه‌وا هه‌ورامانی باسی ره‌وشی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای كردووه‌ و ئاشكرایكردووه‌، كه‌ "ئه‌وه‌ی ئێستا بەغدا لە رێی کابینەیەکی دەستلەکارکێشاوە داوای دەکات، رادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمە لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ، ئینجا ئەوان ئامادەن تەنیا مووچەی نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن".

له‌ باره‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌ورامانی نووسیویه‌تی: "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حەوت و هەشت و نۆی 2019، هەنگاوی باشی نا بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، چەندین یاداشت و پێشنیاز ئاڵوگۆڕکران و لێکنزیکبوونەوەی باش هەبوو، حکومەتی هەرێم ئامادە بوو بڕی 250 هه‌زار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بکات و بەغداش لە بەرامبەردا بڕی 900 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم بنێرێت. بەڵام تێکچوونی دۆخی بەغدا و لە کۆتاییشدا دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی ئەو هەوڵانەی پەک خست".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، "کابینەی نۆیەم تەنیا 9 مانگە کار دەکات و لەم ماوەیەشدا، 8 مووچەی داوە و تەنیا مووچەی مانگی نیسانی لاماوە. کەواتە دروست نیە، کە بگوترێ کابینەی نۆیەم، ئەمساڵ هیچ مووچەیەکی نەداوە، چونکە لە کاتێکدا لە ساڵی 2018 تەنیا 9 مانگ موچە دراوە، بەڵام لە ساڵی 2019 هەموو مانگێک مووچە دراوە، ئەمساڵیش سێ مانگ موچە دراوە". 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، پێشه‌وا هه‌ورامانی، كه‌ ئه‌ندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و ئاگاداری پرسی نه‌وت و وزه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، باسی له‌ بیانووه‌كانی به‌غدا كردووه‌ و نووسیویه‌تی: "بەغدا، کە نەوت گران بێت داوای تەسلیمکردنی دەکات، کە دابەزی بیانوو دەگرێت، نرخی نەوت ئێستا بە رادەیەک دابەزیوە، کە بە زیان دەفرۆشرێت. نەک هەر هەرێم بۆ چەند مانگی داهاتوو، بەڵکو عێراقیش تووشی کێشەی گەورەی دارایی دەبێتەوە ئەگەر نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "بەغدا لە ساڵی 2019 تا مانگی رابردوو، بۆ هەر مانگێک بودجەی دیاریکراوی بۆ هەرێم، بە قەبارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ رۆژێک بە نرخی 61 دۆلار بڕیوە. واتا راست نیە، کە نەوت رادەست نەکراوە و بودجەش وەک خۆی هاتبێت جگە لەمە هیچ کات نەوت بە 61دۆلار نەبووە".

سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی به‌غدا ره‌وانه‌ی كردووه‌، ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نووسیویه‌تی: "ئەو بڕەی، کە هاتووە تەنیا بەشی موچەی نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە، کە دەکاتە 383 ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا کۆی مووچەی هەرێم مانگانە 757 ملیۆن دۆلارە، کە حکومەتی هەرێم مانگانە بڕی 372 ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، پێشه‌وا هه‌ورامانی باسی له‌ هۆكاری سیاسه‌تی نوێی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئەمەی ئێستا عێراق بەرامبەر ئێمە دەیکات گوشارێکی سیاسیی شیعەکانە، کە پێش هەموو شتێک سزادانی هەرێمە بۆ قبوڵ نەکردنی بابەتی دەرکردنی هێزە ئەمه‌ریکییەکان و چەند پرسێکی دیکەش".

دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌، "ئەوان هەر کاتێک بۆیان بكرێت و گونجاو بێت ئامادەن سزای خەڵکی کوردستان بدەن، گرنگ نییە سەرۆک وەزیرانییان هەبێت، یان نەیان بێت، کێشەیان هەبێت یان نەیان بێت، لەهەموو دۆخێکدا بیریان لای ئەوە هەیە خەڵکی کوردستان سزا بدەن و سزاکەش سیاسییە و پاڵپشتی ناوخۆیی هەیە". 

ئێستاش لەم دۆخە سەختەدا خەڵک پێویستی بە مووچەیەو حکوومەت زۆر بەجدی لەسەرهێڵە، بەغدا نابێت بیسەلمێنێت کە لەگەڵ ئەوانەدا جیاوازی نییە کە خەڵکی کوردستانیان بۆردوومان دەکرد و کیمیابارانیان کرد، گەر بەردەوامیش بن لە سزادانی هەرێمی کوردستان لەوانەیە ئەمجارە کەلێنی نێوانمان ئەوەندە گەورەبێت دەرفەتی نزیکبوونەوەی نەبێت.