یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ شێوازێكی جیاواز ده‌كرێته‌وه‌

هه‌ڵواسینی ئاڵا و ڤیدیۆكۆنفرانسی به‌رپرسان شوێنی میواندارییه‌كان ده‌گرنه‌وه‌

K24- برۆكسل:

سبەی 70 ساڵ تێپەدەبێت بەسەر دامه‌زراندنی یه‌كێتی ئه‌وروپادا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌مسال به‌هۆی رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا به‌ شێوازێكی جیاواز ئه‌م یاده‌ ده‌كرێته‌وه‌ و بڕیارە سبەی بەرپرسان و خەڵکی ئەوروپا، بەھەڵکردن یان ھەڵواسینی ئاڵای ئەوروپا بەپەنجەرە و باڵکۆنی ماڵەکانیانه‌وه‌ و لەرێگای ئۆنلاینەوە، ئەو یادە بكه‌نه‌وه‌.

بارزان حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ برۆكسل رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی پلانی داڕێژراون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، بڕیاره‌ بەرپرسانی ئەوروپاش لەرێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پەیامی پیرۆزبای خۆیان بڵاوبکەنەوە.

ھەموو ساڵێك لەرۆژی 9ی ئایار کە بە رۆژی  ئەوروپا (Europ day) ناسراوە، بەبۆنەی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا دەرگاکانی سەرجەم دامودەزگاکانی ئەوروپا بەڕووی ھاوڵاتیانی ئاسایدا دەکرایەوە، ھەموو کەس بێ بانگھێشتنامە دەیانتوانی بچێته‌ە ناوەوەی باڵەخانەکان، تەواوی ھۆڵەکانی کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکان و بەشەکانی دیكه‌ی یەکێتی ئەوروپا  لە نزیکەوە ببینن.

دامودەزگاکانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا لە ژمارەیەك باڵەخانە پێکھاتوون، گرینگترینیان کۆمیسیۆنی ئەوروپایە، کە واتای حکومەتی ئەوروپا دێت، ئەنجومەنی ئەوروپا، كه‌ سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتییه‌كه‌ تێیدا ئەندامن، پەرلەمانی ئەوروپا، نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی خەڵکی ئەوروپای تیادایە، کۆمیتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوروپا، کۆمیتەی ھەرێمەکان و چەندین باڵەخانەی دیكه‌ش لەخۆ دەگرێت، تەواوی باڵەخانەکانیش دەکەونە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا.

لەرۆژی 9ی ئایاری ساڵی 1950 رۆبەرت شومان، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا لە کۆبوونەوەیەکدا پلانێکی پێشکەشی 6 وڵات کرد و یەکیان گرت و بەردی بناغەی یەکێتی ئەوروپایان دانا و ناویان نا (رێكه‌وتننامه‌ی شومان)، ئامانجی دروستبوونی ئه‌و یه‌كێتییه‌ بۆ سەقامگیری و پێکەوەژیانی گەلانی ئەوروپا بوو.

دواتر ساڵ بەساڵ ژمارەی وڵاتانی ئەندام لەم یەکێتیە رووی لە زیادبوون کرد، تا ژماره‌یان گەیشتە 28 وڵات، بەڵام پاش ئەوەی بەریتانیا ھاتە دەرەوە لەم یەکێتییە، یەکێتی ئەوروپا بووە 27 وڵاتی ئەندام و لەژێر چەتری ئەم یەکێتییەدا زیاتر لە 400 ملیۆن ھاووڵاتی پێکەوە دەژین و پابەندی رێساو یاساکانی ئەوروپان.

H.B

رۆبەرت شومان - وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا ناسراو بە (باوکی ئەوروپا)
رۆبەرت شومان - وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا ناسراو بە (باوکی ئەوروپا)