ئەفغانستان.. لەسەر خواردنی خێر حەوت کەس کوژران

خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک خەڵک لە ئەفغانستان بەهۆی دابەشکردنی خواردنی خێر لە لایەن حکومەتەوە، بەشێوەیەکی نایەکسان و گەندەڵکارانە، پشێویان نایەوە و بەهۆیەوە، حەوت کەس کوژران و 14 دیکەش برینداربوون.

لە پارێزگای غور کە دەکەوێتە رۆژئاوای ئەفغانستان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوەی خەڵک لە ماڵەوە، خەڵک دووچاری دۆخێکی سەخت بوون.

گولزمان نایب، نوێنەری پارێزگای غور لە پەرلەمانی ئەفغانستان رایگەیاند، 300 هاووڵاتی بەهۆی نایەکسانی لە دابەشکردنی خواردن و هاوکارییەکان، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، دواتر پۆلیس تەقەی لێکردن و قوربانی زۆر دراوە.

وتەبێژی پارێزگاکەش دەڵێت، ئەو خۆپیشاندەرانە هەوڵیانداوە بچنە سەر ماڵی پارێزگار و بە بەرد لە پۆلیسیان داوە. رەتیشکردەوە، خواردنەکان بە شێوەیەکی نایەکسان دابەشکرابن.

یەکێک لەو کەسانە گیانی لەدەستداوە، رۆژنامەنووسێکە بەناوی ئەحمەد نەڤید خان.

بەهۆی مانەوەی خەڵک لە ماڵەوە و داخستنی بازاڕەکان، حکومەتی ئەفغانستان دەستیکردووە بە دابەشکردنی خۆراک بەسەر خەڵکیدا کە ئەو خۆراکە رێکخراوە خێرخوازەکان کۆیانكردۆتەوە، بەڵام خەڵکەکە دەڵێن، ئەو کەسانەی خزمی بەرپرسانن خواردنەکانیان پێ دەگات و نایەکسانیی هەیە.