ئەمەریكا: لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵی میلیشیاکانی شیعە لە عێراق دەکەین
"ھێزی زیاتر رەوانەی سعوودیە دەكەین"
K24 - ھەولێر
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵی میلیشیاکانی شیعە لە عێراق دەکەن.
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئۆرشەلیم پۆستی راگەیاندووە، هەڕەشەکانی ئێران بە جددی وەردەگرن و چاودێری چالاکییەکانیان لە سووریا و عێراق دەکەن.
پۆمپێیۆ دەڵێت، ئەمەریکا پابەندە بە چاودێریکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا ئەمەش بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی لە ئێرانەوە بۆ سووریا و لوبنان، چونکە گواستنەوەی چەک مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات و هەژموونی ئێرانیش بەهێز دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پۆمپێیۆ روونیکردەوە، بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا هێز و کەلوپەلی سەربازی زیاتر رەوانەی سعوودیە دەکات.