قوربانیانی بوومەلەرزەی ورمێ داوای ھاوكاری دەكەن

دۆخی قوربانیانی بوومەلەرزەی ورمێ خراپە

K24 - ھەولێر

لە رۆژانی رابردوودا دوو بوومەلەرزەیەی بەھێز چەند ناوچەیەك لە شاری خۆی پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستانی ھەژاند و زیانی بە زیاتر لە 40 گوند گەیاند و دەیان كەسی بریندار كرد. خەڵكی ئەو ناوچانە بۆ كوردستان24 باس لە رەوشی ژیانیان دەكەن و دەڵێن لایەنە پەیوەندیدارەكان بە دەمیانەوە نەھاتوون. داوا لە خەڵكی ناوچەكە دەكەن یارمەتیان بدەن، بەڵكو بتوانن ئەو سەرما و بارانە تێپەرێنن و بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.

رۆژی 23/2/2020 دوو بوومەلەرزە، یەكێكیان بە گوڕی 5.7 و ئەوەی دیكەش بە گوڕی 6 بە پلەی رێختەر چەند ناوچەیەكی لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ھەژاند، زیاتر لە 75 كەس بریندار بوون و زیانێكی ماددی زۆریشی لێكەوتەوە.

بەپێی داتاكانی پارێزگاری ورمێ، ئەو دوو بوومەلەرزەیە زیانی بە 43 گوند گەیاندووە و لەو رێژەیەش زیاتر لە 3500 خانوو زیانیان بەركەوتوو وئیتر بە كەڵكی ژیان نایەن.

لێقەوماوان نیگەرانن و دەڵێن، لەو ماوەیەدا نەك ھەر سەردانیان نەكراوە و لایەنی پەیوەندیدار لە گوزه‌رانیانی نەپرسیوه‌ته‌وه‌، بەڵكو بچووكترین خزمەتگوزاریشیان پێنەدراوە، تەنانەت خێوەتیشیان بۆ حه‌وانه‌وه‌ بۆ دابین نه‌كراوه‌.

ئەوە یەكەمجار نییە كارەساتە سرووشتییەكان خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران تووشی ژیانێكی سه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌. ھەموو جارێكیش خەڵكی لێقه‌وماو چاویان له‌ حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانە تا به‌ هانایانه‌وه‌ بچن، به‌ڵام وەك خۆیان دەڵێن ھیچ كەسێك بە دەمیانەوە نایەت و باری قورسی كارەساتەكە لەسەرشانیان دەمێنێتەوە و ناچارن لە خراپترین دۆخدا ژیانی رۆژانه‌یان به‌ڕێ بكه‌ن.

ھ.م