رۆژھەڵاتی كوردستان شین بۆ بچووكترین كۆڵبەر دەگێڕێت
دوای چوار رۆژ تەرمەكەی دۆزرایەوە
K24 - ھەولێر
دوای چوار رۆژ لە بێسەروشوێن بوونی، تەرمی فەرھاد خوسرەوی تەمەن 14 ساڵان كە بچووكترین كۆڵبەرە لەژێر بەفردا دۆزرایەوە، خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانیش وتنەوەی چەند دروسشمێكی شەھیدان پێشوازیان لە تەرمەكەی كرد و دەڵێن "مەرگی تراژیدیای فەرھاد لەپێناو نان بووە، ئەو رێگەیەی كە چاوەڕوانی بەشی زۆری كۆڵبەرانی زەحمەتكێشی رۆژھەڵاتی كوردستانە".
خەمی بێسەروشوێن بوونی فەرھاد بەڕادەیەك قورس بوو، كە وەك خەڵكی ناوچەكە بۆ كوردستان24 باسیان لێوەكرد نزیك بە 2 ھەزار كەس خۆبەخشانە بەشداری دۆزینەوی تەرمی فەرھادیان كردبوو.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ژمارەیەك كۆڵبەر لە بەرزاییەكانی مەریوان بەھۆی كەشوھەوای خراپ و ترسی كەوتنە داوی ھێزە سنوور پارێزیەكانی ئێران رێگەیان لێ بزر دەبێ. بەیانی ئەو رۆژە تەرمی دوو لە كۆڵبەرەكان كە یەكیان برای فەرھادە و ناوی ئازاد خوسرەویە و تەمەن 16 ساڵانە دۆزرایەوە.
ماڵپەری ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێكی ئاماری ورد دا دەڵێ لە سەرەتای ساڵی 2019ەە تا ئێستا 7 كۆڵبەری ژێر تەمەن 18 ساڵ كوژراون و یەكیشیان بریندار بووە.
ھاوكات ھەنگاو ئاماژەی بەوەشكردووە، ھەر ئەمساڵ 14 كۆڵبەریش بەھۆی كەوتنە ژێر بەفر و مانەوە لە سەرمادا لە شاخەكان گیانیان لەدەست داوە.
ئێستا كە تەرمی فەرھاد دۆزراوەتەوە خەمی خەڵكە قورستر و دڵیان پڕ لە ژانترە، بەڵام وەك خودی كۆڵبەرانی ئەو ناوچانە دەڵێن، ژیانی سەخت بۆ ئەوان بەردەوامە و ئەگەرچی دەزانن رەنگە ئەو مەرگە تراژیدیایە بەشی ئەوانیش بێ، بەڵام لەپێناو پارووە نانەكە ناچارن خەمی قورسی ژیان بە كۆڵ بكێشن.
ھ.م