دۆخی خانه‌قین به‌هۆی چالاكییه‌كانی داعش گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار

هیچ خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌یه‌ك ئاماده‌ نییه‌ بۆ دروێنه‌ بچێته‌ خانه‌قین

K24- گه‌رمیان:

چەند رۆژێکە لە سنووری پارێزگای دیالە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کردەوە تیرۆرستیەکانی داعش چووه‌تە قۆناغێکی مەترسیدار و شه‌وانه‌ پەلاماری هێزە ئەمنیەکان وهاووڵاتیانی کوردی خانەقین و گوندەکانی دەورووبەری دەدەن.

ئیبراهیم بارامی، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری گه‌رمیان ده‌ڵێت: هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە میحوەرەکانی کوڵەجۆ و گەرمەسێر بۆ پاراستنی سەنگەرەکانیان  و سەر و ماڵی هاووڵاتیان هەموو رێوشوێنێکی ئەمنیی توندیان گرتووەتەبەر.

مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ به‌ ئاستێك گه‌یشتوون، ته‌نیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 5 هاووڵاتی کورد لە سنووری خانەقین شەهید کراون، جیا لەوەش هەڵمەتێکی سووتاندنی دانەوێڵەی جووتیاران و رفاندنیان و سووتاندنی تراکتۆر و دەراسەکانیان ده‌ست پێكردووه‌، بۆیه‌‌ وه‌ك بڕیار محه‌مه‌د، شۆفێرێكی ئامێری دروێنه‌ "ده‌ڕاسه‌" باسی لێوه‌ ده‌كات، "ئامادەنیم بۆ هه‌ر كاتژمێرێك دروێنه‌‌، بە دووسەد دۆلاریش بچمە سنووری خانەقین".

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، گروپە چەکدارەکانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە، بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، زیاد لە 70 کردەوەی تیرۆرستیان بەرامبەر بەهێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیانی ناوچەکە ئەنجامداوه‌ و بەهۆیانەوە زیاتر لە 70 كه‌س کوژراون و 130 كه‌سیش برینداربوونه‌ و 47 کەسیش رفێندراون، وێڕای ئه‌وه‌ی بە سەدان دۆنم دانەوێڵەی جووتیارانیش کراوتە خۆڵەمێش.

H.B