گەشتە دەرەکییەکان بەرەو فڕۆکەخانەی بەغدا هەڵوەشێنرانەوە
هێزێکی زۆری ئەمنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دەوروی خراونەتە ئامادەباشییەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ئاشکرای کرد، لە شەوی ڕابردووەوە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ناوچەکانی دەوروبەری هێزێکی زۆری ئەمنی کۆکراونەتەوە و خراونەتە ئامادەباشییەوە، هاوکات ڕیگە نیشتنەوە بە بەشێکی زۆری ئەو فڕۆکانە نەدراوە کە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا هاتوون.
سەرچاوەکە بە کەناڵی حوڕەی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترس لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و ئەم دۆخەی مرۆییەی لە لوبنان دروست بووە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر.
پێشتر، یەحیا ڕەسوول گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو: "بۆ پاراستینی ئاسایشی ئاسمانی عێراق هەموو ڕێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر".
ئاماژەشیداوە، عێراق هێز و توانای هەیە، کە چاودێری ئاسمانی خۆی و چاودێری جووڵەی فڕۆکە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بکات.
ئێوارەی یەکی ئەم مانگە، ئێران بە هەڵدانی 180 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ڕایگەیاند: "هێرشەکانی بۆ تۆڵە سەندنەوەی خوێنی حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان و ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسە".