لەم ڕۆژەدا، بارزانیی نەمر بە دوو قۆناغی جیاواز گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان

بارزانیی نەمر
بارزانیی نەمر

لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ و لە دوو قۆناغ و كاروانی جیادا، مستەفا بارزانی، رێبەری نەتەوەیی کورد گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان.

یەكەم گەڕانەوەی بارزانیی نەمر، دوای نزیكەی 12 ساڵ ئاوارەیی بوو لە یەكێتیی سۆڤییەتی جاران، کاتێک 6ـی تشرینی یەكەمی 1958 گەڕایەوە عێراق و باشووری کوردستان و پێشوازییەکی گەرمی جەماوەریی لێ کرا. 

دووەمین گەڕانەوەش، لە 6ی تشرینی یەكەمی 1993 بوو، ئەو كاتەی لەناو ئاپۆڕای سەدان هەزار هاووڵاتی و لەنێو پێشوازیی گەرم و لە رێزگرتنێكی بێ وێنەدا، تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و  ئیدریس بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان. 

دوای سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەممووز بە سەركردایەتیی عەبدولكەریم قاسم، دامەزراندنی سیستەمی كۆماری و دانانی دەستوورێك بۆ عێراق كە لە ماددەی سێیەمیدا ئاماژەی بە برایەتیی كورد و عەرەب لە وڵاتەکەدا كردبوو؛ عەبدولكەریم قاسم داوای لە بارزانی كرد بگەڕێتەوە عێراق و هاوكاریی شۆڕشەكە بكات. ئەوەبوو دوای مانەوەی نزیكەی 12 ساڵ لە یەکێتیی سۆڤییەت و لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە ساڵی 1958،  بارزانی گەڕایەوە عێراق و باشووری کوردستان.  

لەو ڕۆژەدا، عێراقییەکان هەر لە شاری بەسراوە تاوەكو شارەكانی دیكەی باشووری عێراق و دواتر خەڵكی شاری بەغدا و جەماوەری كوردستان لە پێشوازیی بارزانیدا بوون، بەڵام لە بەرانبەردا كەسانی شۆڤێنی عەرەب هەر لە سەرەتاوە دژی ئەم هەنگاوە بوون و كاریان بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و عەبدولکەریم قاسم دەكرد، تا دواجار توانییان كاریگەریی بخەنە سەر عەبدولكەریم قاسم و بەلاڕێیدا بەرن و تووشی چەندین هەڵەی مەترسیداری بكەن، تا گەیشتە ئەوەی وا لە قاسم بكەن بەرە بەرە لە مافەكانی كورد پەشیمان ببێتەوە و لەساڵی 1961 هێرشی سەربازی بكاتە سەر كوردستان و بەھۆیەوە شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا. 

شۆڕش بەردەوام بوو تاكو لە ساڵی 1970 و رێككەوتننامەی 11ی ئاداری لێ كەوتەوە. كۆتایی حەفتاكان، بارزانی لە ئاوارەییدا دووچاری نەخۆشییەك بوو و لە ئەنجامدا لە 1ی ئاداری 1979 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە خاك سپێردرا. 

دوای راپەڕینی ئاداری 1991 و ڕزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان و پاشان دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی كوردستان، هێنانەوەی تەرمی نەمران  بوو بە خواستی جەماوەری کوردستان، ئەوە بوو سەرۆك مەسعود بارزانی و سەركردایەتیی كورد، بڕیاری هێنانەوەی تەرمی نەمرانیان دا.

 دوای ئامادەكارییەكی باش، لە 6 ی تشرینی یەكەمی 1993، تەرمی بارزانیی نەمر گەیەنرانە مەرزی باشماخی نزیك قەزای پێنجوینی سەر بە پارێزگای سلێمانی و دواتر لەوێوە لە ڕێوڕەسمێكی شایستە و جەماوەریدا لە باشماخەوە بەرەو شاری سلێمانی گوازرانەوە. دواتر، بە درێژایی ڕێگەی سلێمانی تا كۆیە و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بەهەمان شێوە سەدان هەزار هاووڵاتی لە چاوەڕوانی و پێشوازی تەرمی نەمراندا بوون، لەناو هوتاف و فرمێسك و خۆشەویستیی جەماوەردا تەرمی نەمران گەیەنرانە بەردەم تەلاری پەرلەمانی كوردستان و دواتریش بەهەمان شێوە تا گەیەنرانە بارزان و لەوێش بەخاك سپێردران.

گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەتی جارانەوە بۆ عێراق و كوردستان بووە مایەی ئاشتی و برایەتی و یەكگرتن لەناو ڕیزەكانی گەلانی كوردستان و عێراق، دیسان بووە مایەی جۆشدانی هەستی كوردایەتی و نەتەوایەتی و یەكگرتنەوەی كورد و پتەوكردنی ڕیزەكانی جەماوەر.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment