حاتەم شاکر عانی. دزە بەختەوەرەکەی عێراق

وێنەی پارەی عێراقی
وێنەی پارەی عێراقی

 

گەندەڵی، یەکێکە لە ئاستەنگە دیارەکانی بەردەم عێراق، بەو پێیەی بووەتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم هەوڵەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری.

ساڵانێکی زۆرە دیاردەی گەندەڵی کەرتی جۆراوجۆری حکوومەتی و تایبەتیی عێراقی گرتووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری هەبووە و بووەتە هۆی تێکچوونی متمانەی نێوان خەڵک و دامەزراوە فەرمییەکان.

گەندەڵی لە عێراقدا بە چەندان شێوە خۆی دەرخستووە، وەک بەرتیل، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و خزمایەتی، ئەمەش توانای دەوڵەتی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیان لاواز کردووە و ڕێگریی لە پرۆسەکانی چاکسازی و گەشەپێدان کردووە.

ئەفسەر حاتەم شاکر عانی، گەورەترین تۆمەتبارە بە دزینی پارەی گشتیی، ڕامی بەنی سەلامە، پارێزەری ئوردنی بە "سومەریە نیوز"ـی ڕاگەیاند، عانی، ئەفسەرێکی ئەمنیی بووە لە پۆستی بەڕێوەبەری ژمێریاری و وردبینی لە پۆلیسی فیدراڵی، لەوێ تۆمەتبار کراوە بە دزینی ملیاران دۆلار کە بۆ پۆلیسی فیدراڵی عێراق تەرخان کرابوو، ئەو پارەکەی گواستووەتەوە بۆ عەممان بۆ کڕینی ڤێلا و شوقە و باڵەخانە و کارگە و کۆمپانیای جۆراوجۆر بۆ وەبەرهێنان لە ئوردن.

ئاماژەی بەوەش کرد، حاتەم شاکر عانی، خاوەنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئۆتۆمبیلی لوکسە و پاسپۆرتی تورکی هەیە و ناوی خۆی ناوە تورکی و لە عەممان نیشتەجێیە.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستە ڕوو کە عانی خاوەنی کۆمپانیایەک و ژمارەیەک موڵکە لە تورکیا بەناوی خۆی و مەحموودی کوڕییەوە، هەروەها چەند باڵەخانەیەک و خانووی لە بەغدا بەناوی کوڕەکەیەوە هەیە، جگە لەوەی خاوەنی چێشتخانەی هۆکایە لە مەنسوور، لەلایەن جێگرەوەیەکەوە بەڕێوە دەبرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "عانی، سەرەڕای بوونی فەرمانی دەستگیر کردنی، بە هەمان پۆست خانەنشین کراوە، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی کۆمپانیای "ماتریکس"ە بۆ بەکرێدانی ئۆتۆمبیل، جگە لە چەند کۆمپانیای دیکە، دوورگەیەکی گەشتیاری، چەندان کێڵگە، کارگەیەک لە عەممان، بینای بازرگانی، ڤێلا، و هەشت شوقەی نیشتەجێبوون لە تورکیا هەیە.