سوودانی: ناوچەکە لە لێواری هەڵدێرێکی مەترسیدار دایە
سبەی ساڵێک بەسەر دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێت: ناوچەکە لە لێواری هەڵدێرە بۆ ناو جەنگێکی مەترسیدار.
یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و فراوانبوونی جەنگ بۆ لوبنان کە بووەتە مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە، عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە کە تێیدا هۆشداری داوە لە فراوانبوونی شەڕ و ململانێکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێک ئاراستەی دۆستەکانی دەکات، بە تایبەتی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا و دەڵێت: ناوچەکە و جهیانیش لە لێواری هەڵدێرن بۆ ناو جەنگێکی مەترسیدار، کە زیان بە ئابووری و گەشەپێدانی جیهان دەگەیەنێت
سوودانی سوپاسی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکات و دەڵێت: پێزانینمان بۆ هەڵوێستی ماکرۆن هەیە کە داوای کردبوو دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل بوەستێندرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی عێراق زۆر کاری کردووە بۆ ئەوەی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە بەدوور بێت، هەروەها وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ئەو ململانێیەی کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەیە.