عێراقی مۆدێرن و سەرهەڵدانی ململانێی خێڵەکان

سەرچاوەیەکی خۆجێی ڕایگەیاند، ململانێی عەشایەری لە پارێزگای واست سەری هەڵداوە.

 سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند: "لە شارۆچکەی شێخ سەعدی سنووری شاری واست، شەڕ و ململانێیەکی توندی عەشایەری بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان دوو خێڵ سەری هەڵداوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "کەسێکی نەناسراو تەقەی لە ماڵێکی سەر بە یەکێک لە خێڵەکان کردووە و دواتر تەقەی لە ماڵێکی دیکەی سەر بە خێڵەکەی دیکە کردووە، بەهۆیەوە جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوو خێڵەکە سەری هەڵداوە و گرژی و ئاڵۆزی ناوچەکەی گرتووەتەوە".

شەڕ و ململانێی عەشایەری نێوان خێڵەکانی عێراق ڕیشەیەکی کۆنیان هەیە و زۆرجار بۆ دامرکاندنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەبێت حکوومەتی عێراق هێزی ئەمنی و سەربازی بجووڵێنێت و نێوەندگیریان بکات.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 400 شەڕی عەشایەری ڕوویان داوە و شەڕ و ناکۆکییە عەشایەرییەکانیشی بە هەڕەشەیەکی گەورە و مەترسیدار لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتیی ناوبردووە.

هەروەها ئاماژەی داوە: "کە چەکی بی مۆڵەت و دیاردەی چەکداری مەترسییەکی زۆر گەورەن لە کاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان خێڵەکان لە باشووری و ناوەڕاستی عێراق دەستی بۆ دەبرێت".

هەر لە ئامارەکە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە "لە چارەگی یەکەمی ئەم ساڵ 27 شەڕی چەکداری و 373 ئاڵۆزی بەبێ چەک لە نێوان خێڵەکان تۆمار کراوە و هیچ کاتێکیش ئامادە نەبوون بۆ بنەبڕکردنی ناکۆکییەکان بچنە دادگە و بە یاسا ناکۆکی و کێشەکانیان چارە بکەن".

هەروەها بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان لە دوای شەڕی ئازادیی عێراق لە 2003ـەوە نزیکەی 20 ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت و نا یاسایی لە دەستی خەڵکی ئاساییە و هەندێک جار گرووپە میلیشیاکانیش دەچنە نێو یەکلا کردنەوەی بەشێک لە شەڕە عەشایەرییەکان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment