گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران دەستیان پێ کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسانی ئێران دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، کە ئێستا گەشتەکانی هاتن و چوون ئاسایی بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران، دوێنێ بەهۆی دۆخی شڵەژاوی ناوچەکە ڕاگیرا.
جەعفەر یەزەرلو، گوتەبێژی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی ڕاگەیاندووە: "گەشتە ئاسمانییەکان لە کاتژمێر 11ـی شەوی ڕابردووەوە دەستیان پێ کردووەتەوە، بەپێی بەرنامەی سەرەتایی گەشتەکان جێبەجێ دەکرێن".
ڕۆژی یەکشەممە، بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ژمارەیەک فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەیان بە هۆی ناجێگیریی دۆخی ناوچەکە ڕاگەیاند.
هەفتەی ڕابردوو، ئێران 200 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و ڕایگەیاند، ئەوە وەڵامێکە بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسروڵلا.
ڕۆژی شەممەی ڕابردووش، بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "وڵاتەکەی ئامادەکاریی دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئێران". هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش هۆشداری دا کە ئێران باجێکی گەورەی ئەو هێرشەی دەدات.