مەسرور بارزانی: پرۆژەی کاڤین فارم، سوود بە هەموو هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت
دووشەممە، 07-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "کاڤین فارم"ـی کردەوە کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مانگا و بەرهەمهێنانی ماست و شیر و پەنیر.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "جێگەی دەستخۆشی و شانازییە پرۆژەی لەم شێوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێن و یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکان کە لە دەڤەری سێمێل جێ بەجێ کراوە. نەک تەنها دەڤەری سێمێل، بەڵکوو پارێزگای دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش سوود لەم پرۆژەیە وەردەگرن".
پرۆژەکە، وەکوو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد: "کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت و سەدان دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی دەڤەری سێمێل دەڕەخسێنێت". هەروا گوتی: " پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکە بە ئامانجی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات".
مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە: "دابینکردنی خۆراک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانمان؛ پاراستنی ئاسایشی خۆراک بۆ هەر وڵات و نەتەوەیەک، شتێکی زۆر پێویستە، خۆشحاڵم کە دەبینم لە هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ ئەو ئامانجە دەنێین".
سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد: "خوا پشتیوان بێت لە بەرنامەماندایە لە ئاییندەدا بایەخێکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازیی لە هەرێمی کوردستان بدەین کە بە دڵنیاییەوە پێشخستنی ئەو کەرتە، سەدان هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت".
مەسرور بارزانی لەبارەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارن، ئاماژەی بەوە دا "لە ماوەی ڕابردوودا زۆر هەوڵمان داوە کوردستان بە بازاڕی جیهانییەوە ببەسترێت بەو ئامانجەی دەرگا بە ڕووی هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانمان بۆ دەرەوەی وڵات بکەینەوە، تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبووین و تاوەکوو ئێستە چەندان بەرهەمی جووتیاران هەناردەی وڵاتانی کەنداو و جیهان کراون".
سەرۆکی حکوومەت پێی وایە هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران بۆ دەرەوە "زۆر هاوکار دەبێت بۆ ڕێکخستنی بابەتی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ هەیە؛ خۆشحاڵم کە دەبینم پرۆژەکانی کشتوکاڵ یەک لە دوای یەک جێ بەجێ دەکرێن کە دڵنیام کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بەهێزکردنی ئابووریی وڵاتەکەمان دەبێت".