ڕاپۆرتێک: 'بازرگانی مەرگ'ـی ڕووسی گەڕاوەتەوە گۆڕەپانی چەک فرۆشتن
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕنال بڵاوی کردووەتەوە:" 'ڤیکتۆر بۆت'ـی ڕووس، کە بازرگانێکی چەکە و بە "بازرگانی مەرگ" ناسراوە، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ئازادکردنی لە زیندانەکانی ئەمەریکا، گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، ئێستا کار لەسەر تەواوکردنی گرێبەستێکی چەک لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن دەکات.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشی دەکات: "بۆت، هەوڵ دەدات دەڵاڵی ڕێککەوتنی چەکی سووک لەگەڵ حوسیەکانی یەمەن بکات، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور".
حوسییەکان دەڵێن: "هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان یان ئەوانەی بەرەو ئیسرائیل دەچن بۆ پشتیوانیی فەڵەستینییەکانە، بەڵام زۆربەی ئەو کەشتیانەی هێرشیان کراوەتە سەر هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسرائیلەوە نەبووە".
بۆت، ساڵی ڕابردوو لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ڕووسیادا خۆی کاندید کرد و سەرکەوتنی بەدەست هێنا لە ناوچەی ئولیانۆڤسک کە ژمارەی دانیشتووانەکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسە.
بەپێی ڕێککەوتنێک، بۆت، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 بەرامبەر بە ئازادکرانی ئەستێرەی باسکەی ئەمەریکی، بریتنی گراینەر، ئازاد کرا. گراینەر، لە شوباتی 2022 بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان سزای 9 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت: "بۆت، پەیوەندیی بە پارتی لیبراڵ دیموکراتی ڕووسیاوە کردووە، ئەو پارتە خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن وەسف دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کرێملین دەکات".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی بۆ ڕۆژنامەکە دواون، کاتێک شاندێکی حوسییەکان لە مانگی ئابدا سەردانی مۆسکۆیان کرد، بۆ دانوستان لەسەر کڕینی چەکی ئۆتۆماتیکی بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار، ڕووبەڕووی ڕووخساری ئاشانی بۆت بوونەتەوە.
هێشتا پڕۆسەی گەیاندنی چەک بۆ حوسییەکان نەکراوە، هەروەها ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ترسی خۆی لە فرۆشتنی مووشەکی دژە کەشتی یان دژە فڕۆکەی ڕووسیا بە حوسییەکان ڕاگەیاندووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەمەریکا.
واشنتۆن ترسی ئەوەی هەبووە ڕووسیا ئەم چەکە پێشکەوتووانە ڕادەستی حوسییەکان بکات، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە مووشەکەکان تا ئێستا ڕەوانە کرابن، یان بۆت دەستی لەو ڕێککەوتنەدا هەبووبێت.