سەنتەری فەلەکناسیی نێودەوڵەتی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی دیاریکرد

ئەو وڵاتانەی لە 24ی نیسانەوە بەرۆژوون

K24  - هەولێر

سەنتەری فەلەکناسیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەگەری زۆرە، زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی کە لە 24ـی نیسان یەکەم رۆژووی رەمەزانیان گرتووە، رۆژی 24ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنیان بێت.

محەممەد عۆدە، بەڕێوەبەری سەنتەری فەلەکناسیی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەڵێ "رۆژی هەینی، 22ـی ئایار لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، 29ـیەمین رۆژی مانگی رەمەزانە، ئەو وڵاتانەی کە لە 24ـی مانگی نیسان دەستیان بە رۆژووگرتن کردووە".

بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێ، ئەو وڵاتانەش کە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانیان 25ـی نیسان بووە، دەبێت لە 23ـی ئایارەوە چاودێریی مانگ بکەن، بەمەش 24 یان 25ـی ئایار دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنیان.

سەنتەری فەلەکناسیی نێودەوڵەتی لە شاری ئەبوزەبیی وڵاتی ئیماراتە و ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی فەلەکییە. یەکێک لە پڕۆژەکانیشی بەناوی پڕۆژەی ئیسلامییە، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی مانگ بۆ دیاریکردنی کاتەکانی نوێژ و جەژن. ئەندامانی بەشدار لەو پرۆژەیە هەموو مانگێک لە سەرتاسەری جیهان چاودێریی مانگ دەکەن.

 24/4/2020 لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو، واتا بەپێی لێکدانەوەکانی سەنتەرەکە 24ـی ئایار یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت، بەڵام هەرکاتێک جەژن بێت ئەم جەژنە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریداوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆی تەواو لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوبکرێت.

لە كۆتا رۆژەكانی مانگی رەمەزان، لیژنەی بینینی مانگ لە ھەرێمی كوردستان، بڕیار لەسەر دیاركردنی یەكەم رۆژی جەژن دەدات.