باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق: ئەو عێراقییانەی نیشتەجێی لوبنانن، دەتوانن بەبێ پاسپۆرت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ڕایدەگەیەنێت، ئەو عێراقییانەی نیشتەجێی لوبنانن، دەتوانن بەبێ پاسپۆرت بێنە ناو سووریاوە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ڕایگەیاند: "ئەو عێراقییانەی لە لوبنان نیشتەجێن و دەیانەوێ بێنە سووریا، بە هەر بەڵگەنامەیەکی دیکەی فەرمیی جێگرەوەی پاسپۆرت، دەتوانن بێنە ناو خاکی سووریا.
باس لەوەش كراوە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا ئەو عێراقییانە دەگرێتەوە، کە نیشتەجێی لوبنانن.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.
هەر ئەمرۆ پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، دوای گەیشتنی بە چەند کاتژمێرێک بۆ سووریا.