ئیسرائیل لە دەریاوە هێرش دەکاتە سەر باشووری لوبنان

ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنی دەریایی بۆسەر باشووری لوبنان دەکات و خەڵکی ناوچەکە ئاگادار دەکاتەوە.

ئەفیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "داوا لەدانیشتووانی باشووری لوبنان دەکەن تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوو لە کەنار دەریاکان دوور بکەونەوە، چونکە بەشێک لەو شوێنانە لەلایەن حزبوڵلاوە بەکار دەهێنرێن".

ئەفیخای ئەدەرعی، جەخت لەوەدەکاتەوە: "ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای ئیسرائیل جیاواز دەبێت و لە دەریاوە دەبێت، داواش لەخەڵک دەکات لانیکەم ٦٠ کیلۆمەتر لەسنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنان دوور بکەونەوە".

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هاوکات ڕۆژی  پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کاتژمێرێک بوو گەیشتبووە سووریا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment