تورکیا دوو کەشتیی جەنگی ڕەوانەی لوبنان دەکات

تورکیا هاووڵاتیانی لە لوبنان دەگەڕێنێتەوە

کەشتیی جەنگی تورکیا (وێنە: ئەرشیف)
کەشتیی جەنگی تورکیا (وێنە: ئەرشیف)

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2024، ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، هاووڵاتییانی لە لوبنان دەگەڕێنێتەوە و لە مەترسییەکانی شەڕ ڕزگاریان دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە: "هاووڵاتییانی تورکیا لە لوبنان، لە مەترسیی هێرشی ئیسرائیلدان، هەربۆیە سبەینێ چوارشەممە لە دەریاوە بە ڕێگەیەکی پارێزراو هاووڵاتییە گیرخواردووەکانی لە لوبنان دەگەڕێنێتەوە تورکیا".

هەروەها ئاماژەی داوە: "بە ئەگەری زۆرەوە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دوو کەشتی هێزی دەریایی تورکیا لە بەندەری مێرسینەوە بەرە بەندەری بەیرووت جووڵە بکەن کە توانای گواستنەوەی نزیکەی دوو هەزار کەسیان هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووە هاووڵاتییانی تورکیا لە لوبنان بگەڕێنەوە".

ڕاشیگەیاندووە: "هەموو ڕێوشوێنەکانی پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتییانی تورکیا تەواوکراون و لە هەنگاوی یەکەمدا سەرجەم ئەوانەی لە بەیرووت پەیوەندیان بە باڵیۆزخانەی تورکیاوە کردووە، دەگوازرێنەوە، ئەگەر پێویستیش بکات ئۆپراسیۆنەکان لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ناوخۆی تورکیاش هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیی لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان کراوە".

لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشی پێچەوانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و فراوانبوونی شەڕی لە لەگەڵ حزبوڵلای لوبنان، دۆخی مرۆیی لوبنان بە تەواوی شڵەژاوە و زۆرینەی وڵاتان هاووڵاتییان و خانەوادەی دیپلۆماتکارانیان لە بەیرووت و لوبنان کشاندووەتەوە، هەروا ژمارەیەکی زۆری لوبنانییەکانی پەنایان بۆ وڵاتانی تر بردووە، لە نێویاندا، سەرەتای ئەم هەفتەیە 686 هاووڵاتی لوبنانی گەیشتنە عێراق و بەشێکیان لە شارۆچکەی دوجەیلی نزیک بەغدا نیشتەجێ کراون.