بەرپرسێکی گەورەی حزبوڵلا کوژرا

بەیرووت
بەیرووت

ئەمڕۆ سێشەممە، 8-10-2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "سوهێل حوسێن حوسێنی، سەرۆک ئەرکانی بەشی لۆجیستی حزبوڵلای لوبنانیان کوشت".

ئەڤیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: " ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکان هێرشێکی وردیان کردووەتە سەر بەیرووت، کە لەهێرشەکەدا سوهەیل حسێن حوسێنی، سەرۆکی ئەرکانی لۆجیستی حزبوڵلایان کوشت".

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتیشی: "ئەو بەشەی حوسێنی سەرۆکایەتیی کردووە، بە یەکەیەکی لۆجستیکی سەر بە حزبوڵلا دادەنرێت و کاری بودجە و ڕێکخستنی سیستەمی جۆراوجۆرە، هەروەها حوسێنی هاوبەش بووە لە ڕێککەوتنەکانی گواستنەوەی ئامرازەکانی شەڕ لە نێوان ئێران و حزبوڵلا و بەرپرسیار بووە لە دابەشکردنی چەک و تەقەمەنی بەسەر یەکە جیاوازەکانی حزبوڵلا، هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی جیهاد بووە، کە بەرزترین ئەنجوومەنی سەربازیی حزبوڵلایە".

ئەدەرعی باسی لەوەش کردووە: "ستافەکە یەکەیەکی تایبەتە بە دروستکردنی مووشەکی ڕێنمایی ورد و بواری لۆجستی سەبارەت بە هەڵگرتن و گواستنەوەی ئامرازەکانی شەڕ لە ناوخۆی لوبنان".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لەچوارچێوەی ئەرکەکانی پۆستەکەیدا، حوسێنی، کار لەسەر دیاریکردنی بودجە و بەڕێوەبردنی بواری لۆجستیکی بۆ هەستیارترین پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکە دەکرد، لەوانەش پلانی ئۆپەراسیۆنی جەنگ و پلانی تایبەتی دیکە، لەوانەش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و سووریاوە".