لە لوبنانەوە 100 مووشەک بەرەو جەلیل و کەنداوی حەیفا و عەکا هەڵدرا

مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، لە دوای وتارێکی نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە لوبنانەوە بەرەو جەلیل، حەیفا و عەکا، 100 مووشەک هەڵدراون.
سێشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2024، ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت ڕایگەیاند، لە دوای تەواو بوونی قسەکانی قاسم، لە شاری حەیفا زەنگی ئاگادارکەرەوە بیستراوە و داوا لە دانیشتووانی ناوچەکە کراوە بچنە پەناگەکانەوە.
لای خۆیەوە کەناڵی 12ـی عیبری بڵاوی کردووەتەوە، 5 مووشەک بەر چەند ناوچەیەکی لە حەیفا و کریوت کەوتوون.
لە بەرامبەردا ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە: "ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر حەیفا، گەورەترین هێرشە کە بەر شارەکە کەوتووە؛ دوا بەدوای هێرشە مووشەکییەکە، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیروت دەست پێ کرد".