هاووڵاتیان کارکردنیان لە کوردستان پێ باشترە وەک لە ئەورووپا

لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین یەختی کۆچبەران لە ناو ئاوەکانی تورکیا و یۆنان و ئیتالیا فەرەنسا نقوم بوون و دەیان گەنج و خێزانی کورد گیانیان سپارد. بەڵام گەنجانی کورد لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا کوردستان لەگەلێک ڕووەوە ئەو بیانووەی نەهێشتووەتەوە کە خێزانی کورد، بۆ گەیشتن بە ئهورووپا، ماڵ و سەروەت و سامانی خۆی بخاتە مەترسیەوە.
ڕەمەزان عەزیز حەسەن، خاوەنکار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "خۆزگە لە دوو مانگ زیاتر لە ئەورووپا نەمابامەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ماوە زۆرەی من لە ئەورووپا بووم، ژیانی خۆم هەمووی لەدەست دا"دەشڵێت: "لە ئەورووپا، لای تورکەکان، ڕۆژانە 16 تا 17 کاتژمێر بە پارەیەکی کەم کارم کردووە و خاوەنکارەکەم پێ گوتم: "خوێنت لێ وەردەگرم".
گوتیشی: "کەس بە ئاسانی ناگاتە ئەورووپا، چونکە ساڵی 2002 کە چوومە ئەورووپا بە حەوت ئاودا تێپەڕیوم زۆر ناخۆش بوو".
زیندوویی شار و قەرەباڵغی و ڕووخۆشی خەڵک و ئاوەدانی، مرۆڤ بە گەنجییەتی دەهێڵێتەوە. ئەوانەی کە ڕۆیشتوون وا دەگەڕێنەوە، هەروەها زۆرن ئەو گەنجانەی کە خۆشەویستی وڵات و ئارامیی کوردستان دەکەنە پێوەری هەڵنەبژاردنی غەریبی.
ئاری ئەحمەد، هاووڵاتی گوتی: "ئەو کەسەی دەچێتە ئەورووپا، پارە و ژیانی خۆی لەو ڕێگەیەدا خەرج دەکات، کە زۆر جار گیانی خۆی لەو ڕێگەیە دادەنێت یان پارەی لەلایەن قاچاخچیەکانەوە لێ دەخورێت، بۆیە بەبڕوای من خەڵک لە کوردستان بێت زۆر باشترە، ئەو پارەی کە لەڕێگە خەرج دەکات لێرە کاری پێ بکات.
ئەحمەد عەزیز، هاووڵاتی دەڵێت: "برادەرم هەبووە پارە و ئۆتۆمبێلی هەبووە، کاری هەبووە، بەڵام کە ڕۆیشتووە ئێستاش نەیتوانیوە پارەی ئۆتۆمبێلەکەی پەیدا بکاتەوە، بۆیە پییان دەڵێم ئێرە باشترە لە ئەورووپا".
من خۆم شاهێدی دەیان ڕووداوی تراجیدیی بووم کە تووشی گەنجان و خێزانی کورد بوو لە ناو کەناراوەکانی ئەورووپا.
دوای لێکۆڵینەوە لە زۆرێک لەو کەیسانە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی بە هۆی پەیامی سیاسی هەندێک لەو هێزانەی ڕەشبینی بڵاو دەکەنەوە، ئەوانی گەیاندۆتە ئەم چارەنووسە .
کۆچ دیارەیەک کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کۆتایی نایەت خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە، ئاوەدانی و ئارامی لە ڕوانگەی هاووڵاتیانەوە هۆکارن بۆ کۆچی پێچەوانەی هاووڵاتیانی کورد لە ئەورووپاوە بۆ کوردستان.
ئەوان دەڵێن ئەوەی لە ئەورووپا دەیکەن، ئەگەر لە کوردستان بیکەن، ژیانیان سەد بەرانبەر باشتر دەبێت.