فەرەنسا کوڕێکی بن لادن دەر دەکات

ئەمرۆ سێشەممە، برۆنۆ ڕیتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند: "یەکێک لە کوڕەکانی ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەری ڕێکخراوی قاعیدە، بە ناوی عومەر، لە فەرەنسا دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵانێک لەو وڵاتە ژیاوە و وێنەی سروشتی لە شارۆچکەیەکی ناوچەی نۆرماندی کێشاوە".
بە گوتەی ڕیتایۆ: "عومەر چیتر بۆی نییە بگەڕێتەوە فەرەنسا، ئەوەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی کۆمێنتێک لە سۆشیالمێدیا کە بە "پەرەپێدانی توندیژی" دادەنرا".
ڕیتایۆ گوتیشی: "فەرمانێکی ئیمزا کردووە کە ڕێگریی لە عومەر بن لادن دەکات لەوەی بگەڕێتەوە فەرەنسا پاش دیپۆرت کرانەوەی. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ وردەکارییەک بکات سەبارەت بە وادەی دیپۆرتکردنەوەی، یان ئەو وڵاتەی بۆی ڕەوانە کراوە".
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە: "عومەر، کە هاوسەرەکەی بەریتانییە، چەند ساڵێک بوو لە هەرێمی ئۆرن دەژیا. لە ساڵی 2023دا کۆمێنتەکانی لە ئەکاونتەکانی سۆشیالمێدیای خۆیدا بڵاو کردەوە و پەرەی بە توندوتیژی داوە".
گوتی: "کوڕەکەی بن لادن بە هیچ جۆرێک ڕێگەی نادرێت بگەڕێتەوە فەرەنسا".