گۆتێرێز هۆشداری دەداتە ناتانیاهۆ

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریدا بە لەوەی ئیسرائیل ڕێگری بکات لە ئاژانسی فریاگوزاری ئۆنروا "UNRWA" لە فەڵەستین، گوتی: کارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
گۆتێرێز ئاماژەی بەوەشکردووە، نامەیەکی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نووسیوە و هۆشداریداوە لەوەی ڕەشنووسی یاسای ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییەکانی UNRWA لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەبێتە هۆی "کارەسات".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێگری کردن لەو ڕێکخراوە کارەسات دەخوڵقێت لە تەواوی خاکە داگیرکراوەکەی غەززە، پێویستە ڕێوشوێنی مرۆیی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئازار و گرژییەکان لە غەززە.
لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا، کنێستی ئیسرائیلی سەرەتا ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد کە UNRWA بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و پێشنیاری پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکەدا کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل UNRWA بە هاوکاری لەگەڵ حەماس لە کەرتی غەززە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لای خۆیەوە ئاژانسەکە ڕەتیکردووەتەوە.
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.