بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی ئابووری دەبێت

هەرێمی کوردستان بووەتە جێی سەرنجی کۆمپانیا و براندە جیهانییە بەناوبانگەکان، بەشێوەیەک کە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا نزیکەی پێنج هەزار کۆمپانیا و براندی بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و ئێستا لێرە کاردەکەن و چەندین دەرفەتی کاریان بۆ گەنجانی کوردستان رەخساندووە.

لە زۆربەی شەقام و بازارەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولیر، رۆژانە ناوی کۆمپانیا و براندە بە ناوبانگە جیهانیەکان بەرچاو دەکەوێت، ئەو براند و کۆمپانیا جۆربەجۆرانەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا بۆ دەستکەوتنیان هاووڵاتیان بۆ وڵاتانی تر گەشتیان دەکرد.

بە گوێرەی دوایین  ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ، ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوە بیانییەكان گەیشتوەتە 4600 کۆمپانیا و و 3883 براندی جیهانی، بەرێوەبەری گشتی بازرگانیش ئاسانکاریی وەزارەت بۆ ناوتۆمارکردن و ئەمنیەتی کوردستانیش بە هۆکار ناو دەبات بۆ زیادبونی رێژەی کۆمپانیا و براندە جیهانیەکان. 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێرە بە شوێنێکی ئارام دەزانن، ئەمەش وادەکات کاریگەریی هەبێت لەسەر بوژانەوەی ئابووری، گوتیشی: هەندێک لەو کۆمپانیایانە کارگە دروست دەکەن، هەندێکی دیکە بازرگانی دەکەن، هەروەها بەشێک لەوکۆمپانیایانەش پشکی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیای دیکە دەکەن، ئەمەش جگای بایەخە و کاریگەری لەسەر ئایندە و ژێرخانی ئابووری وڵاتیش دەبێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆربەی براند و کۆمپانیا جیهانیەکان لە بەغدا بوون، بە جۆرەی شارەزایەکی ئابوری باسیدەکات، ئێستا هەرێمی کوردستان بوەتە شوێنی سەرەکی کاری ئەو کۆمپانیا و براندانە، ئەو  لەو باوەرەدایە بونی ئەم کۆمپانیا و براندە جیهانیانە، کاریگەری لە سەر هەلی کار، گەشەی ئابووری و ڕکابەری بەرهەمە ناوخۆییەکانیش دەکات. 

نەبەز نەوزاد، شارەزای ئابووری دەڵێت: "ئەگەر سەیری ڕێستورانتەکان بکەین، پەتاتە و مریشک و  کەلوپەلی ناوخۆ بەکاردەهێنن، ناچن لەدەرەوە هاوردەی بکەن، ئەمەش وادەکات بازاڕ ببوژێتەوە"، گوتیشی: "لایەنێکی دیکەو ئەوەیە ئەوانە باج دەدەنە حکوومەت، کە حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان پێویستی بەو باجەیە، لایەنێکی دیککە ئەوانەی لە خواروو ناوەڕاستی عێراقن لە جیاتی ئەوەی بچنە دوبەی و دەرەوە دێنە هەرێمی کوردستان ئەو بڕاندانەیان دەست دەکەوێت بەنرخێکی هەرزان، کە گواستنەوەشی هەرزانترە".