هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ واشنتۆن ئاشکرا دەکرێت

بەرپرسێکی ئیسرائیلی هۆکاری دواخستنی سەردانەکەی یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیلی ئاشکرا کرد کە بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە سەردانی واشنتۆن بکات.
پێنتاگۆن، ڕایگەیاندووە، یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەشتەکەی بۆ واشنتۆن هەڵوەشاندەوە، کە بریاربوو ڕۆژی سێشەممە سەردانەکە بکات.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ـی ڕاگەیاندووە، ناتانیاهۆ گالانتی ئاگادار کردووەتەوە کە ناتوانێ بچێتە واشنتۆن وەکو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، جگە لە دوو مەرج کە یەکەمیان گفتوگۆی نێوان بایدن و ناتانیاهۆ بووە، مەرجی دووەمیش، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەوەیە کە حکوومەتی ئەمنی ئیسرائیل ڕازی بێت بە وەڵامدانەوەی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران، کە هەفتەی ڕابردوو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
چاوەڕوان دەکرا گالانت لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی، لوید ئۆستن کۆببێتەوە، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئێران، کە هەفتەی ڕابردوو 180 مووشەکی بالیستیکی بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدا.
ئاکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی ئەمەریکا تادێت نیگەرانە لە پلانە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوبارەوە چوار بەرپرسی ئەمەریکی قسەیان کردووە و دەڵێن: واشنتۆن دژایەتی ئیسرائیل ناکات لە لێدانی ئێران، بەڵکو داوا دەکات شەفافتر بێت و وەڵامدانەوەکە هاوسەنگ بێت .