کۆریای باکوور ڕێگەی هێڵی ئاسنی لەسەر کۆریای باشووری دادەخات

سوپای کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە، سەرجەم ڕێگاوبانەکان و هێڵی ئاسنین کە کۆریای باکوور بە کۆریای باشوورەوە دەبەستێتەوە، دادەخات

لە بەیاننامەکەیدا سوپای کۆریای باکوور پشتڕاستی کردەوە "هێزێکی بەرگری" لەسەر سنوور دروست دەکات وەک وەڵامێک بۆ مانۆڕە سەربازییەکانی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا.

ئەرکانی گشتیی سوپای کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 9ـی ئۆکتۆبەر، پڕۆژەیەکی سەرەتایی دەست پێ دەکەن، بۆ بڕینی تەواوی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی بەستراو بە کۆریای باشوورەوە، هەروەها بەهێزکردنی ناوچە پەیوەندیدارەکان لە پیۆنگ یانگەوە بەهێزی بەرگری دروست دەکات.

دەسەڵاتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای کۆریای باکوور بۆ هەتاهەتایە سنووری باشوور لەگەڵ کۆریای باشوور ڕادەگرێت و دادەخات، بەو پێیەی وڵاتێکی دوژمنە و هاوکاری ئەمەریکایە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بارودۆخی ئێستە لە چوارچێوەی ڕێکاری بەرگریکردن لە خۆ بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و بەرگریکردن لە ئاسایشی کۆریای باکوور دادەنرێت.

پیۆنگ یانگ جەختی لەوە کردەوە، ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە بەرامبەر پەرەسەندنی دۆخی سەربازی نیمچە دوورگەی کۆریا دەگرێتەبەر، هەروەها ئاماژەی بە مانۆڕە سەربازییەکانی کۆریای باشووریش کرد کە لە نزیک سنوورەکان دەکرێن.

سوپای کۆریای باکوور ئاشکرای کرد، کاتژمێر 9:45 خولەکی بەیانی پەیامێکی تەلەفۆنی، بۆ سوپای ئەمەریکا لە کۆریای باشوور ناردووە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر هەوڵێک و ململانێی نەخوازراو هەڵکوتانە سەر وڵاتەکەی، بەو پێیەی ئەمەریکا نزیکەی 28 هەزار سەرباز لە کۆریای باشوور جێگیر دەکات، ئاگادار دەکاتەوە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە گرژییە لەسەر نیمچە دوورگەی کۆریا بەردەوامن، کۆریای باکوور باڵۆنی زبڵ بەرەو باشوور دەنێرێت، هەروەها بۆ یەکەمجاریش بە ئاشکرا پەردە لەسەر دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لادەدات.