ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف داوای دامەزراندنی پەنابەرە لوبنانییەکان دەکات
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف داوای دامەزراندنی ئەو ئاوارە لوبنانیانە دەکات کە هاتوونەتە عێراق، هەروەها داوای دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک بۆ ئاوارەکان دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە عێراقییەکان بەدەست بێکارییەوە گیرۆدەن و نزیکەی ملیۆنێک هاوولاتیشی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
غەیس ڕەعد شەبع کیلابی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەجەف، لە نووسراوێکدا ڕایگەیاندووە، "لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە کاریگەری لەسەر گەلی لوبنان هەیە، دوای ئەو هەڵوێستە مرۆییە گەورەیەی عێراق بە گشتی و پارێزگای نەجەف بەتایبەتی گرتوویەتیە بەر، کە ئەرکی ئەخلاقییە پێشوازیی لە پەنابەرانی لوبنانی بکەین و شوینی نیشتەجێبوون و خۆراکیان بۆ دابین بکەین.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، داوادەکەین ئەو پەنابەرانەی خاوەن لێهاتوویی و پسپۆڕی جیاوازن، وەک بوارە پزیشکییەکان هەریەکەیان بەپێی پسپۆڕیەکەی و پێویستی وڵات گرێبەستی دامەزراندنیان بۆ بکرێت.
ڕۆژی پێنجشهممه، 3ـ10-2024، وهزارهتی كۆچ و كۆچبهرانی عێراق له ڕاگهیهندراوێكدا گوتی: پێشوازییان له 686 ئاوارهی لوبنانی كردووه كه له دهروازهی قائیمهوه گهیشتوونهته ناو خاكی عێراق.
هاوكات عەلی جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تایبهت به ماڵپهڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هاتنی پەنابەرانی لوبنانی بۆ عیراق بەردەوامە و لە ماوەی سێ رۆژدا 686 لوبنانی تەنیا لە دەروازەی قائیمەوە گهیشتوونهته ناو عێراق.
عەلی جیهانگیر گوتیشی: پەنابەرانی لوبنان لە ڕێگەی وشکانییهوە تەنیا دەتوانن لە ڕێگەی سووریا و لە دەروازەی قائیمەوە بێنە عێراق. ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە ڕێگەی وشکانی، بەشێکی دیکە لە پەنابەرانی لوبنانی لە ڕێگەی فرۆکەخانەی بەغدا و نەجەفەوە هاتوون.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەشڵێت، بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی لوبنان پێشبینی دەکەن، هاتنی پەنابەرانی لوبنان بۆ عێراق بەردەوام دەبێت.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد. هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.