هیوا گەیلانی: یەکێتیی سووکایەتیی بە دەنگی خەڵکی کوردستان دەکات

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتیی نیشمانی سووکایەتی بە دەنگدەری کوردستان دەکات و مەترسیش لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستان دروست دەکات.
چوارشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2024، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گەشتی هەواڵێکی کوردستان24 ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە هەر هێزێکی سیاسی پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لەناو جەماوەری بزانێت، هەر هێزێک پەنای بۆ ساختەکاری رد، بروای بە پێگە و جەماوەری خۆی نییە، بڕوای بەوە نییە کە هاووڵاتییانی کوردستان دەنگی پێدەدەن.
ئەو ئەندامە دەڵێت: "یەکێتی ئێستە لە بارودۆخێکی خراپدایە لە ڕووی جەماوەرەوە، ئەگەر سەیری بانگەشەی هەڵبژاردنیشی بکەی لە ڕووی دەروونیشەوە شێواوی پێوە دیارە، چونکە لە دوای ڕاپەرین یەکێتی هێزی دووەم بووە لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام دواتر کۆمەڵێک پارچە پارچە بوون لەنێویاندا ڕوویداوە، بزووتنەوەی گۆڕانیان لێ جیابووەتەوە، ساڵی پار لاهور شێخ جەنگی لیی جیابۆتەوە و ئێستە بەرەی گەلی دروست کردووە".
دەشڵێت: "ئەگەر ئێستە سەیری سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی بکەی، هیچ یەکێک لە سەرکردەکانی دێرینەکانی نەک لە پێگەکەیان بەڵکو لەناو یەکێتیش نەماون، ئەوەش وای کردووە پێگەی جەماوەری یەکێتیی زۆر لاواز بێت، ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن بە ساختەکاری و سازشکردن لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان سازش بۆ وڵاتێکی داگیرکەر و هێزێکی شۆڤێنی کورسی خۆیان مسۆگەر بکەن، هەر وەک لە پەیوەندییە تەلەفوونیەکەی پاڤڵ و قوباددا دەرکەوت".
هیوا گەیلانی ڕاشیگەیاند، "یەکێتیی نیشتمانی نە متمانەی بەخۆیەتی نە بە دەنگدەرەکانی، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر ئامادەکاریشی نەکردبێت، ئەگەر پێشیان وابوو دەنگی کورسییەکانیان کەم دەکات، نە دەبوو بە زەقی و ئاشکرا پەنا بۆ ساختەکاری بەرێت، چونکە ئەوە سووکایەتیی کردنە بەدەنگی خەڵکی کوردستان، مەترسیشە لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستاندا".