وەزارەتی دارایی باس لە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی کێشەی مووچەی هێزەکانی 70 دەکات

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول، بڕیارە باس لە کێشەی خانەنشینی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەش دەکرێت.

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70، کە کێشەیەکی کۆنە و مانگانە دووبارە دەبێتەوە، ئەو خانەنشینانە کە مووچە لە گەنجینەی دوو وەردەگرن ژمارەیان 9075 کەسە، مووچەی مانگانەشیان 3 ملیار و 818 ملیۆن دینارە، هەروەها لە ساڵی 2013ەوە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر بۆ وەزارەتی دارایی.

گوتیشی: لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دوای ئەوەی مانگی 2 و 3 مووچەیان لەلایەن بەغداوە بۆ خەرج کرا، دواتر بەهۆی ئەوەی هیچ دۆسیەیەکیان لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پیشمەرگە نییە مووچەکانیان ڕاگیرا.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا، گوتەبێژی هێزەکانی 70 فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگە وەزارەتی دارایی و ئابووریان تۆمەتبارکردووە بۆ دواکەوتنی مووچەکانیان، بۆیە بە پێوستمان زانی وەڵامیان بدەینەوە کە ئێمە هۆکاری دواخستنی مووچەکانیان نین، بەڵکو هۆکارەکە بەرپرسانی هێزەکانی 70 و فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگەیە. کە زیاتر لە 11 ساڵە نەیانتوانیوە کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکەن و دۆسیەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن کە لەوێش وردبینی دەکرێت و دواتر بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

ڕاشیگەیاند، دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو خانەشینانە و فەرمانگەکەیان نییە، بەڵکو ئەو کێشەی هەیە یاساییە، لەسەر ڕاپۆرتی تیمی دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا، لەمانگی 3ەوە مووچەکانیان ڕاگیرا. لەمانگی 4 و 5 و 6 و 7 ، بە دەستوەردان  و لەسەر بەرپرسیارەتی و بە بڕیاری وەزیری دارایی بڕیاردار بەخەرجکردنی مووچەکانیان، بەمەرجی ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا کێشەکانیان چارە بکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە هەر وەکو خۆیەتی، هەروەها دوایین داتا کەلەم چەند ڕۆژەدا وەرمانگرتووە، لەکۆی 9 هەزار کەس تەنیا 200 کەس دۆسیەکانیان براوەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینیکردنیش دەرکەوتووە بەشی زۆری دۆسیەکان کێشەیان هەیە، بۆیە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خانەنشینی هێزەکانی 70. 

هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، دەبێت بەزووترین کات کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکرێت، ئەو بەرپرسانە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیەوە ئەو کێشانە چارە بکەن، هەروەها وەزیری دارایی مانگی ڕابردوو پێی گوتن لە سەرەتایی کابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا بەرپرسیارەتی ئەو خانەنشیانەی هەڵگرتووە، بەڵام لەمەودوا چیتر ناتوانێت لەسەر بەرپرسیارەتی خۆی بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانیان بدات.

لەسەر هەژماری من ئەو گوتەبێژە گوتی: پرۆژەی هەژماری من بریاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەردەوامین لەکارکردن، هیچ نووسراو و فەرمانێکمان پێچەوانەی ئەو پرۆژەیە بۆ نەهاتووە. سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان جەختیکردەوە، لیژنەی ئێمە چەند جارێک چوونەتە بەغدا و لەگفتوگدان لەگەڵ بەغدا، بۆیە لەسەر داهاتی خۆمان ئەو دوو مانگە مووچەکانمان هاوتاکردووە. 

 

 

نوێ دەکرێتەوە..