مەسرور بارزانی: لە 20ـی ئۆکتۆبەر خەڵک داستانێکی دیکە تۆمار دەکەن و ناحەزان سەرشۆڕ دەکەن

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: درووشمی لایەنەکانی دیکە هەموو بۆ نائومێدکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و تەنیا پارتی داوای ئاوەدانی، خۆڕاگریی و پێکەوەیی کردووە. گوتیشی: هەر کەسێک لە ڕیزی بەرەی گەل و نیشتمان بێت ڕێزمان بۆی هەیە، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان فرۆشتووە و ئامادەن هەموو شت ڕادەست بکەن پەیامی ئێمە ئەوەیە یان خۆیان چاک بکەن یان با بارکەن بڕۆن.

چوارشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2024 مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بۆ  سەرخستنی لیستی 190ی پارتی، لە شاری سۆران کرد.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا: "خەڵکی دەڤەری سۆران خۆشحاڵم کە دەبیینم کە ئێوە بڕیارتان داوە پارتی براوە بێت، ئەمڕۆ لە مەڵبەندی بارەگای بارزانی نەمر، لەو شوێنەی کە شۆڕشی ئەیلوول سەرکردایەتیی گەورەترین بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی دەکرد، کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی کۆتا بڕیار لە هەڵبژاردنی داهاتوو بدەین و لیستی پارتی سەربخەین".

لە 20ـی ئۆکتۆبەر خەڵک داستانێکی دیکە تۆمار دەکەن و ناحەزان سەرشۆڕ دەکەن

گوتیشی: چۆن لە شۆرشی ئەیلوول و گوڵان ئەم شاخ و کێوانە، هەندرێن، زۆزک و قەلەندەر و حەسەن بەگ، شوێنی تۆمارکردنی داستان بوون، خەڵکی ئەم دەڤەرە لەو 20ـی ئۆکتۆبەر داستانێکی دیکە تۆمار دەکەن کە هەموو ناحەزانی پارتی سەرشۆڕ بن و پارتی سەردەکەوێت و هەر بە یەکەمی دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "دەبێت بیرمان بێت دوای چەند رۆژی تر دەچینە سەر سندووقی دەنگدان، ئێمە کە دەنگ دەدەین بڕیار لە چارەنووسی و وڵات و شێوازی حوکمڕانی دەدەین، دەبێت وریا بین کە حوکمڕانیی داهاتوو ڕادەستی کێ دەکەین، دەبێت بزانین ڕابردووی ئەم لایەنانەی کە داوا دەکەن لەم هەڵبژاردەن دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان وەرگرن دەبێت بزانن کێن و ڕابردوویان چییە و چ بەرنامەیەکیان هەیە؟ ئەم بڕیارانەی ئێوە چارەنووسی ئێوە و نەوەکانتان دیاری دەکەن، زۆر بە وردی بڕیاری خۆتان بدەن.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە دروشمی لایەنەکان کرد و گوتی: "ئەوان یەک دروشمیان بۆ ئێوە پێ نییە کە باسی باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی ژیانی ئێوە بکەن، تەنیا دروشمی لایەنەکان هەموو بۆ نائومێدکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

گوتیشی: "ئەوان بە ئێمە دەڵین کۆتاییتان پێ دەهێنین و ڕاتان دەگرین. نەک ئێستا لە سەرەتای دروستبوونی پارتی تاوەکوو ئێستا زۆر لەو لایەنانە هەبوون کە هیچ ئامانجێکیان نەبوو جگە لەوەی بەربەست بۆ پارتی دروست بکەن و نەهێڵن پارتی سەرکەوێت و ئەو گەلە بە کەناری ئارامی بگات. لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی کاروان و خەباتی  تێکۆشانی پارتی بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەن". جەختی لەوە کردەوە: "هەروەکوو چۆن لە پێشوو ئەو لایەنانە نەیانتوانی پارتی ڕابگرن، ئێستاش ناتوانن پارتی ڕابگرن، ناتوانن پارتی بوەستێن و بە ئامانجە چەپەڵەکانی خۆیان بگەن".

 

دەبێت ئەو کارگانەی کە بۆ ماددەی هۆشبەر دروست کراون تێک بدرێن

جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: "ئەگەر ئەوان شانازی بەوەوە دەکەن کە لایەنی دیکەیان لە پشتە و پشت بە هێزی بیانی دەبەستن، ئێمەش پشتمان بە خودای گەورە و خەڵکی کوردستان قایمە و هیچ هێزێکیش ناتوانێت بەرانبەر بە هێزی گەل و ئیدارەی خەڵکی کوردستان بوەستێت. ئەوان هەمیشە شکستیان هێناوە".

هەروا گوتی: "ئەو لایەنانەی کە باسی کۆتایی پێهێنان و تێکدان دەکەن ئەوە ڕاستییەکە لەسەر کاری خۆیان، ئەمە تەنیا شتە کە دەتوانن بیکەن، چونکە ناتوانن ئاوەدانی بکەن و باشتری بکەن، بەڵام خەڵکی دڵسۆز ناهێڵێت ئەو لایەنانە سەرکەون، ئێوە وا دەکەن کە پارتی چۆن یەکەم بووە هەر بە یەکەمیش بمێنێتەوە".

مەسرور بارزانی، سەرنجی خستە سەر ئەوەش: "ئەو دەسەڵاتەی بە کودەتا هاتووەتە سەر حوکم و خۆی سەپاندووە بەسەر جومگەکانی حوکمڕانی لە کوردستان، دەبێت کۆتایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە بێت. بۆ ئەوەی کێشەی ماددەی هۆشبەر چارە بکرێت، دەبێت ئەو کارگانەی کە بۆ ماددەی هۆشبەر دروست کراون تێک بدرێن، هەروەها بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت و ئەوانەی کە پارە سپی دەکەنەوە و بە فڕۆکەی پارە لە وڵات دەبەنەوە دەرەوە، دەبێت نەمێنن".

 بارزانی و پارتی فێری کردین کە بە ئیرادەیەکی بەهێز دەتوانین هەموو مافەکانمان بەدەست بهێنین و بە هیچ جۆرێک سەر بۆ هیچ لایەنێک شۆڕ نەکەین

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئاسودە بن دەبێت چاو سوورکردنەوە نەمێنێت، دەبێت سەرانەسەندن، ترس، تۆقاندن و تیرۆر نەمێنێت، هەروەها ئەو تیرۆستانەی کە خەریکی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانن دەبێت ڕادەستی یاسا بکرێن".

مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر دەتانەوێت بڕیارتان بە دەستی خۆتان بێت، ئەگەر ناتانەوێت مافە دەستوورییەکانی ئێوە ڕادەستی بەغدا بکرێت و پێشێل بکرێت، دەبێت ئێوە بڕیار بدەن بە دەستنیشانکردن و هەڵبژاردن و سەرخستنی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە".

هاوکات داوا لەو لایەنانە دەکات کە فریو دراون بگەڕێنەوە،  مەسرور بارزانی گوتی: "دەستی ئاشتی بۆ هەموو کوردستانیان درێژ دەکەین، بەڵام ئەگەر ناتوانن نیشتمان پەروەر بن، لانی کەم با خاکفرۆش نەبن. زۆر خەڵک هەن لە پێناو مانەوەی خۆیان ئامادەن هەموو شتن بکەن و هەموو شت ڕادەستی نەیار و ناحەزی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بارزانی و پارتی فێری کردین کە ئێمە بە ئیرادەیەکی بەهێز دەتوانین هەموو مافەکانمان بەدەست بهێنین و بمێنین و بە هیچ جۆرێک سەر بۆ هیچ لایەنێک شۆڕ نەکەین".

ئەو لایەنانەی کە دژی پرۆژەی هەژماری منن دەترسن هاووڵاتی خاوەنی ئیرادە و بڕیار بێت

گوتیشی: "ئێمەی هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی زۆر پرۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەین، یەکێک لەو پرۆژانە ئەوە بوو بەرەو سیستەمێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی بڕۆین، بۆ ئەوەی سەرکەوتو بین و ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ئیداری و  بانکی لە هەموو ڕووێکەوە دروست بکەین، بەڵام ئەم پرۆژەیە بۆ هەندێک لایەن بووەتە جێگای مەترسی، چونکە ئەگەر توانیمان بە شێوەیەکی یاسایی و شەفاف کارەکان بکەین و لە خزمەت هاووڵاتییاندا بین، ترسیان لێ دەنیشێت وا دەزانن ئەمانە لە دەسەڵاتی ئەوان کەم دەکاتەوە. ناتوانن چیتر هەڕەشەی مووچەبڕین بکەن، بۆیە دژی ئەو پرۆژانە دەوەستنەوە؛ یەکێک لەو پرۆژانە "هەژماری منە"، کە پرۆژەیەکی گرنگە بۆ هاووڵاتی. ئەو لایەنانەی کە دژی پرۆژەکەن دەترسن هاووڵاتی خاوەنی ئیرادە و بڕیار بێت، دەیانەوێت هاووڵاتی هەمیشە گیرۆدەی دەستی ئەوان بێت و ئەوان مووچەیان بۆ دابین بکەن".

مەسرور بارزانی داواکارە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان کە لە دز و جەردە نەترسن، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات: "پرۆژەی هەژماری من" بۆ ئەوانە  و چییان دەوێت دەتوانن بیکەن و کەسیش ناتوانێت ڕێگەیان لێبگرێت. هاوکات ڕوونی کردەوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە هەرێمی کوردستان بە سەربەستی و سەربەرزی بژین، دەتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ناچار نین داوا لە هیچ لایەنێکی سیاسی بکەن کە مووچەیان پێ بدەن".

 

لایەنێک نەیهێشتووە وەکو پێویست پرۆژەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو: "لایەنێک زۆر هەوڵی داوە تا نەهێڵێت پرۆژەکانی حکوومەت سەرکەوتوو بێت، یەکێک لەو پرۆژانە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە نەیانهێشتووە وەکو پێویست پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت؛ بەڵام بە هیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە کە میلیشیا دروست بکرێت بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و پەلاماری لایەنی سیاسی دیکە بدرێت، یان پەلاماری بنکەی ڕۆشنبیری بدرێت، ئەم کارانە جێگەی قبووڵ نییە". 

جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە: "پارتی هەر لە سەرەتای دروست بوونییەوە تاوەکوو ئێستا، دەستکەوت لە دوای دەستکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان بەدی هێناوە.. لەمەودواش پارتی ناوەستێت، هەر لایەنێکیش ئەگەر دەیانەوێت سەرکەتوو بن با دەستی دۆستایەتیی پارتی بگرن، بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین کوردستانێکی بەهێزتر و ئاوادانتر دروست بکەین. بە هێج جۆرێک با پێمان نەڵێن ئێوە جیاوازی دەکەن، نە پارتی نە حکوومەتی پارتی هیچ کاتێک جیاوازی نەکردووە لە هیچ شوێنێکی کوردستان، هیچ بەشێکی کوردستان بە موڵکی خەڵکی دیکە نازانین و پێمان وایە موڵکی پارتییە و پارتیش خاوەنی هەموو کوردستانە".

مەسرور بارزانی لە درێژەی گوتارەکەیدا، هێمای بۆ ئەوە کرد: "دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکوومەت لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکسان. حکوومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی بودجەی بۆ هەموو پرۆژەکان تەرخان کردووە، بەڵام دەسەڵاتی خۆجێی حزبی دەستی بەسەر داهات و پرۆژەکاندا گرتووە و ناهێڵێت خزمەتی خەڵک بکرێت، ئەوەی جیاوازی دەکات ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەیە کە حوکمڕانی لەو دەڤەرانە دەکات".

ئەوانەی دژایەتیی خەڵک دەکەن یان با خۆتان چاک بکەن یان بارکەن بڕۆن!' ئەگەر بەردەوام بن ، بە دەنگی خەڵکی هەرێمەکە شاربەدەر دەکرێن

جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: "خوشک برایان! ئێوەمان هەبێت بێمنەیتین، بڕوا بکەن لەو چەند ساڵەی ڕابردوو زۆر لایەن ئەوەی توانیان کردیان بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم تێک بدەن و حکوومەتی کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو نەبێت، چوون لەگەڵ هەرچی لایەن هەیە ڕێککەوتن تەنیا بۆ ئەوەی دژایەتی ئەم حکوومەتە و مافی خەڵکی کوردستان بکەن، چونکە لە ڕاستیدا خۆیان لە ژینگەیەکی ئاژاوەگێڕیدا گەشە دەکەن و درێغییان نەکرد لە دژایەتی کردنمان، بەڵام بە پشتیوانیی جەماوەری خۆشەویستی کوردستان نەکەوتین و ناشکەوین".

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "ئەوانەی دژایەتیی مافەکانی خەڵکیان دەکرد ، ئیستا دێن داوای دەنگ لە خەڵک دەکەن! ئەوانەی دژایەتی ئێوەیان کردووە دەبێت بە دەنگەکانی خۆتان تۆڵەیان لێ بکەنەوە و سنووریان بۆ دابنێن. هەر کەسێک لە ڕیزی بەرەی گەل و نیشتمان بێت ڕێزمان بۆی هەیە، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان فرۆشتووە و ئامادەن هەموو شت ڕادەست بکەن پەیامی ئێمە ئەوەیە 'یان خۆتان چاک بکەن یان بارکەن بڕۆن!' ئەگەریش نەڕۆن و بەردەوام بن لە دژایەتیکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی خەڵکی هەرێمەکە شاربەدەر دەکرێن".

ڕاشیگەیاند: "دەبێت بزانن کە کێ ئامادەیە خۆی لەپێناوی خەڵکدا بکاتە قوربانی نەک خەڵک بکاتە قوربانیی خۆی. پارتی هەمیشە ئامادەبووە خۆی بکاتە قوربانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هیچ کاتێک ئامادە نەبووە سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمەکە بکات. دەمانەوێت ئاشتی و ئاییندەیەکی گەشترمان هەبێت. پارتی لە هەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لەو شوێنەیە، پارتی حزبی هەموو ئایین و نەتەوەیەکە. پارتی دروشمی پێکەوەیی هەڵگرتووە دەمانەوێت هەموومان پێکەوە لەژێر چەتری حوکمڕانییەکی شایستە بە سەرۆکایەتیی بارزانی و پارتی پێکەوە بین و پێکەوە بەهێزتر بین".

 

سەرۆک بارزانی فێری کردین کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنێت

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەش کرد: "پارتی هەمیشە خۆڕاگر بووە بەرانبەر بە پیلانی ناحەزان و دوژمنان، لەمەودواش بەرانبەر بە هەموو مەترسییەک خۆڕاگر دەبێت، سەرۆک بارزانی فێری کردین کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنێت، پارتی دەیەوێت ئاستی زانست و پەروەردە لە کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاستێکی باڵاتر بڕوات، پارتی دەیەوێت کەرتی تەندروستیی بەرەوپێش بچێت و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەرز بکەینەوە، هەروەها پارتی دەیەوێت ئاستی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە کوردستان زیاد بکرێت بۆ ئەوەی ڕەنجی جووتیارانمان بەخۆڕایی نەڕوات".

گوتیشی: "دەمانەوێت کاسبکار کێشەی کاری نەمێنێت و هەموو مافەکانی پارێزراو بن. دەمانەوێت کەرتی پیشەسازی لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو دابێت. دەمانەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان زیاتر بکەین. دەمانەوێت هاوکاری وەرزشوانان و هونەرمەندان بکەین، بۆ ئەوەی هەموو مافەکانیان بە یاسا پارێزراو بن. دەمانەوێت ئافرەت ڕێزی لێبگرێت و ڕۆڵی کاریگەریی خۆی لە کۆمەڵگە و هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا بگێڕێت، دەمانەوێت گەنج ڕوو لە هەندەران نەکەن و وەڵامی هەموو ئەو لایەنانە بدەنەوە کە هانیان دەدەن وڵات جێبهێڵن".

جێگری سەرۆکی پارتی، گەنجانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە: "کە هەموو دەرفەتێکی کاریان بۆ دەڕەخسێنێت تا ئەوانیش لێرە خزمەت بکەن و هەرێمی کوردستان بەرەو هەندەران جێنەهێڵن، هەروەها حوکمڕانی داهاتووی وڵات دەکەوێتە دەستی گەنجان".

گوتیشی: "دەمانەوێت هەلی کاری یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک هەبێت، هەروەها چیدیکە ڕێگە بە گەندەڵیی نەدرێت و کارەکانی خەڵک بە واستە ڕایی نەکرێن، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەبێت بە شێوەیەکی یەکسان خزمەت بکرێت. پارتی دەیەوێت دادپەروەریی بنەمای حوکمڕانی بێت لەو وڵاتە و کۆتایی بە دەسەڵاتی گەندەڵی و دزی بهێنێت و یاسا سەروەر بێت لە وڵاتدا".

مەسرور بارزانی لە کۆتایی گوتارەکەیدا، گوتی: "خزمەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی دەکەین و هەرێمەکە لە ڕووی پرۆژەی گەشتیارییەوە پێش دەخەین و، گەورەترین پرۆژەی گەشتیاریش لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست دەکرێت".

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment