ئه‌یسه‌ر یاسین: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ڕێژه‌ی نزیكه‌ی سه‌دا سه‌د ته‌واو بووه‌

په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

گوته‌بێژی فه‌رمی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: "ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 95% ته‌واو بووه‌؛ ئاماده‌كاریی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و بنكه‌كانی ده‌نگدان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق پێشوازیی له‌ پێنج هه‌زار و 600 ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ن".

چوارشه‌ممه‌، 9ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ئه‌یسه‌ر یاسین، گوته‌بێژی فه‌رمی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌: "ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ ڕێژه‌ی 97% ته‌واو بووه‌".

ئه‌یسه‌ر یاسین، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: "ئاماده‌كاریی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و بنكه‌كانی ده‌نگدان له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق پێشوازی له‌ پێنج هه‌زار و 600 ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ن". ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌: "له‌ بەری ڕەسافەی به‌غدا یه‌ك بنكه‌ و دوو وێستگه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و پێشوازیی له‌ 433 ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ن. له‌ كه‌رخ دوو بنكه‌ و هه‌شت وێستكه‌ پێشوازی له‌ 2414 ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ن. له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینیش بنكه‌یه‌ك و دوو وێستگه‌ له‌ پێشوازیی 574 ده‌نگده‌ردا ده‌بن، له‌ نه‌ینه‌وایش چوار بنكه‌ و پێنج وێستگه‌ كراونه‌ته‌وه‌ و پێشوازیی له‌ 1038 ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ن".

ئه‌یسه‌ر یاسین، سەبارەت بە ناوەندەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان لەناو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت گوتی: "ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێم بە پێی ژمارەی دەنگدەران دابەش کراون، پارێزگاری هەولێر (62 ناوەند و 306 وێستگه‌) بۆ پێشوازیی له‌ 89 هه‌زار و 791 ده‌نگده‌ر، پارێزگای سلێمانی (57 ناوەند و 276 وێستگە) بۆ پێشوازیی له‌ 78 هه‌زار و 661 ده‌نگده‌ر، له‌ پارێزگای دهۆك (33 ناوه‌ند و 142 وێستگه‌) بۆ پێشوازیی له‌ 40 هه‌زار و 956 ده‌نگده‌ر، له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ (یه‌ك بنكه‌ و سێ وێستگه‌) بۆ پێشوازیی له‌ 952 ده‌نگده‌ر كراونه‌ته‌وه‌". 

گوته‌بێژی فه‌رمیی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد: لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا ژمارەی ناوەند و وێستگەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:

-هەولێر (498 ناوەند، دوو هه‌زار و 213 وێستگە، بۆ 933 هه‌زار و 115 دەنگدەر).

- سلێمانی (477 ناوەند و دوو هه‌زار و  373 وێستگە، بۆ یه‌ك ملیۆن و 8412 دەنگدەر).

-دهۆک (264 ناوەند و  هه‌زار و 596 وێستگە، بۆ 682 هه‌زار و 791 دەنگدەر).

-هەڵەبجە (27 ناوەند و 136 وێستگە، بۆ 59 هەزار و 300 دەنگدەر).

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 26ـی حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵ، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.