ئامینە زکری: پارتی حزبی شکان نییە، نه شكست پێناسەی پارتی بووه، نه بێهیوایی
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: کاتێک شەڕی سەپاندنی ئیرادە کرابێت لەگەڵ پارتی، ئەوەی شکاوە پارتی نەبووە، نه شكست پێناسەی پارتی بووه، نه بێهیوایی.
چوارشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیماێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، پارتی لەسەر بنەمای نیشتیمانیبوون و نەتەوەیبوون دامەزراوە، هەمیشە باوەڕی بە پێكەوەبوون و پێكەوە كاركردن هەبووە، لەسەر ئەم ڕێبازەش هەمیشە قوربانی داوە.
ئاماژەی بەوە دا: "ڕاستییەک هەیە كە ئەوەی خۆی بەردەوام لەسەر چۆک نەبووبێت بۆ دوژمنانی نەتەوەکەی هەرگیز بیری لەلای بە چۆک داخستنی هاوخوێنەکانی نیشتیمانەکەی نابێت، بەڵام مخابن ئەمڕۆ هاوزمانانی خۆمان پلانی دوژمنەکانمان جێبەجێی دەکەن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئامینە زکریدا هاتووە: "بەداخەوە پێش 60 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ باپیرت و دواتر ئەوانەی لەسەر ئەو ڕێچکەیە درێژەیان پێدا ئەو خەونەیان هەر بە خەون مایەوە، بۆیە ئەمرۆ تۆ و ئەوانەی دوای تۆش هەر بەو خەیاڵە سەردەنێنەوە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: "دەبێت چ شانازیەک بێت بۆ گەورەیی پارتی و چ بچووکییەک بێت بۆ ئێوە کە هەموو گەورەبوونی خۆتان لە دژایەتی و شکانی پارتی دەبیننەوە، بۆیە گرنگە بیرتان بخرێتەوە و دەزانم بیرشتان نەچووە کە کاتێک شەڕی سەپاندنی ئیرادە کرابێت لەگەڵ پارتی، ئەوەی شکاوە پارتی نەبووە، نه شكست پێناسەی پارتی بووه، نه بێ هیوایی".
گوتیشی: "ئێمە تەنیا بۆ خودا، دایکی شەهید، پێشمەرگە، ئاڵا و میللەتەکەمان سەرمان دانەواندووە و دادەنەوێنین، هەروەها ئێمە شارەزای ئەم دەست بادانەین لەگەڵ ئێوە و مێژووی دوور و نزیک پێمان دەڵێت ئێوە هەمیشە تەرەفی دۆڕاو و دەستشکاو بوون ، چونکە ڕووتان لە دوژمنانی میللەتەکەمان و پشتتان لە میللەتە".