بایدن هۆشداری دەداتە دانیشتوانی فلۆریدا

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە دانیشتوانی فلۆریدا لە کارەساتی زریانی میڵتۆن کە هەڕەشە لەو ویلایەتە دەکات.
بایدن، لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "تا ئێستە زریانی میڵتۆن بە زریانی پۆلی سێ دادەنرێت، خێرایی با دەگاتە 120 میل لە کاتژمێرێکدا؛ پێشبینی دەکرێت ئەم زریانە گەورەترین زریانی لێ بکەوێتەوە و گەورەترین وێرانکاری لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا بەدوای خۆیدا بهێنێت".
ئاماژەی بەوەش کرد: "زریانەکە دەتوانێت باڵەخانەکانی فلۆریدا بڕوخێنێت لەسەر ڕووی زەوی بسڕێتەوە و زیانی گیانی زۆریشی لێ بکەوێتەوە. پێشبینیش دەکرێت بەرزی شەپۆلەکانی دەریا لە کەناراوەکانی فلۆریدا بگاتە چوار مەتر".
ئاماژەی بەوەش کرد: "چۆڵکردنی فلۆریدا ئێستە قورسە، بۆیە باشترین شت بکرێت پێویستە دانیشتوان گوێ لە دەسەڵاتی ناوخۆیی بگرن و بەدوای پەناگەی سەلامەتدا بگەڕێن".
ناوەندی نیشتمانیی زریانەکانی ئەمەریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو: "بەهێزی زریانی میڵتۆن لە پۆلی پێنجەوە بۆ پۆلی سێ بەپێی پێوەرەکانی سەفار-سیمپسۆن دابەزیوە. ئێستە نزیکەی 100 کم لە باشووری ڕۆژئاوای شاری ساراسۆتا لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای فلۆریدا دوورە، و بە خێرایی 28 کم لە کاتژمێرێکدا بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەڕوات".