بایدن داوا لە ناتانیاهۆ دەکات هێرشەکانی بۆ سەرخاکی لوبنان کەم بکاتەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە، هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە لوبنان کەمبکاتەوە، بەتایبەت لە بەیروت.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "بایدن، هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە کردووە و داواشی لە ناتانیاهۆ کردووە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لوبنان کەم بکاتەوە".

هەر بەپێی ئەو بەیاننامە، بایدن و نەتانیاهۆ باسیان لە دۆخی مرۆیی غەززە کردووە و جەختیان لەوەش کردووەتەوە؛ ئیسرائیل مافی خۆیەتی هاووڵاتییانی بپارێزێت لە هێرشی حزبوڵلا.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەردوولا تاوتوێی بەپەلەی نوێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە لە کەرتی غەززە کە دەستبەسەر کراون".

کەناڵی ئەی بی سی نیوز لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردەوە: "پەیوەندیی نێوان بایدن و نەتانیاهۆ سەبارەت بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بووە".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا: "بایدن و نەتانیاهۆ بە درێژی باسیان لە داهاتووی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵلا لە لوبنان کردووە" ڕوونیشی کردەوە: "پەیوەندیی نێوان بایدن و نەتانیاهۆ سەرەڕای گرژییەکانی نێوانیان، دۆستانە بووە".