بەرپرسێکی حزبوڵلا لە سووریا کوژرا

ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئەندامێکی حزبوڵلای لوبنانیان لە سووریا کوشتووە کە لە بەرزاییەکانی جۆلان، زانیاریی هەواڵگری دژی ئیسرائیل دەگواستەوە". هاوکات مێدیاکانی سووریاش ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویان کردەوە:  "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئامانجەکانیان لە سووریا پێکاوە".

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە ناوچەی قونەیترە لە سووریا، ئەدهەم جەحوت، کە بە ئەندامی "تۆڕی تیرۆریستی لە جۆلان"ی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی وەسفی کردووە، کوشتووە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕۆڵی جەحوت گواستنەوەی زانیاری بووە لە سەرچاوەکانی سووریاوە بۆ حزبوڵلا هەروەها گواستنەوەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی لە بەرەی سووریا کۆ کراونەتەوە، بۆ ئاسانکاری ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان".

ئیسرائیل لە شەڕی ساڵی 1967 بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکرد کە زۆربەی وڵاتان دانیان پێدا نەنا.

تەلەفزیۆنی سووریا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەیەکی پیشەسازی لە حمس و شوێنێکی سەربازی لە حەما، تەنیا زیانی ماددیش هەبووە.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆمبارانی کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کرد، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵلا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هاوکات ڕۆژی  پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنی بۆ سووریا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment