ئومێد سەباح: هەوڵی چارەکردنی کێشە بازرگانییەکان دەدەین

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەسەر ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کوردستان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ ژوورە بازرگانەکانی عێراق کردووە، بۆ کردنەوەی هەموو دەرگایەک بە ڕووی دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراقی و چارەکردنی کێشەکان".

پێنجشەممە، 10ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "شاندی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق هاتوون بۆ کوردستان، لە 19 ژووری بازرگانی و پیشەسازی پێک هاتوون، ئێمە لەگەڵیان دیدارێکی ڕاشکاوانە و ڕوونمان کردووە".

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەن دەڵێت: "لەسەر ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کوردستان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ ژوورە بازرگانەکانی عێراق کردووە، بۆ کردنەوەی هەموو دەرگایەک بە ڕووی دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ". گوتیشی: "مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی ئابووری فیدراڵ کۆبووینەوە، پاشانیش کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی حکوومەتی فیدراڵیدا کردووە، ئەمەش سێیەمین کۆبوونەوەیە لەگەڵ ژووری بازرگانیی و پیشەسازییەکانی هەموو پارێزگاکانی عێراق، دەکەین". 

ئومێد سەباح گوتیشی: "کۆبوونەوەکە بەرهەمدار بوو، باسی زۆر بابەتمان کرد، وەک؛ پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی، لە چارەکردنی ئەو کێشانەی کە ماون و باشتر کردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی".

ڕاشیگەیاند: "لایەنی دووەمی ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندیی بە ژوورە بازرگانییەکانی ناوەراست و خواروو ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش هەبوو، کۆبوونەوەیەکیشیان لەگەڵ دەکرێت".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment