ژمارەی ئاوارەبووانی لوبنان گەیشتە 600 هەزارکەس

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن: "لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی کارەساتبار بووەتەوە و ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆ گەیشتووەتە 600 هەزار کەس".

جینین هێنیس پلاسخارت، ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لوبنان ڕووبەڕووی ململانێ و قەیرانێکی مرۆیی کارەساتبار بووتەوە، هیوای خواست کە ئیسرائیل شەڕەکە ڕابگرێت".

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی لە لوبنان کرد و گوتی: "ئەگەر لوبنان خۆی لە دەستی حزبوڵلا ڕزگار نەکات، هاوشێوەی غەززەی لێ دەکەین".

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە: "ئیسرائیل لە 23ـی ئەیلوولەوە هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵلای لوبنانی دەست پێ کردووە، کە بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 190 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون".

ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، عمران ڕەزا ڕایگەیاند: "لوبنان ڕووبەڕووی یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکان بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا". ئاماژەی بەوەش داوە: "600 هەزار کەس لە ناوخۆی وڵات ئاوارە بوون و زیاتر لە 350 هەزاریان منداڵن".

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024، عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە ڕۆژنامەی شەرقول ئەوسەتی ڕاگەیاند، "کۆی ژمارەی ئەو لوبنانیانەی کە گەیشتوونەتە عێراق تا ئێستا نادروستە؛ چونکە بەندەرەکانی وشکانی و ئاسمانی وەکو ناوچەی قائیم و فڕۆکەخانەکانی نەجەف و بەغدا ئاماری تەواویان نەناردووە".

جیهانگیر دەشڵێت: "ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە ئاماژە بەوە دەکەن کە 4600 پەنابەرن، پێشبینیش دەکەین 7000 پەنابەر هەبن، ئەمەش بە پشتبەستن بەو ژمارە سەرەتاییانەی کە لە مەزارگە ئاینیەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە وەرمانگرتووە".