عیماد جەمیل: کۆمیسیۆن لێژنەی بۆ زۆربەی سکاڵاکان پێکهێناوە
سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆمیسیۆن تا ئێستا نزیکەی 50 سکاڵا تۆمار کراون و سەرپێچیکارانیش سزا دراون.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەدواداچوونی بۆ ئەوە کردووە کە لە هەندێک شوێن دەنگدانی ئەزموونی کراوە، هەروەها کۆمیسیۆن لەلایەن تیمەکانیەوە بە وردی چاودێریی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کردووە لایەنی سەرپێچیکار سزا دەدات.
سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، هەندێک سەرپێچی تۆمار کراوە، هەروەها کێشەی زۆرمان لە گوتاری میدیایی لایانەکان هەیە کە زۆر جار ئاگادارمان کردوونەتەوە کە دەبێت گوتارەکانیان بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بێت.
هاوکات دەڵێت: لەکاتی بانگەشەدا هەندێک سەرپێچی تۆمار کراون، چەند سکاڵایەکیش تۆمار کراون، کۆمیسیۆن لێژنەی بۆ زۆربەی سکاڵاکان پێکهێناوە و هەندێک سەرپێچیکاریشی سزا داوە، لە ماوەکانی داهاتووش سکاڵا تۆمار بکرێت ئێمە بەدواداچوون دەکەین و سەرپێچکاران سزا دەدەین.
لەبارەی وەرگرتنی کارتی بایۆمەتری لە دەنگدەران و دەنگدانی پێشوەختە، عیماد جەمیل، گوتی: ئەم کارە هیچ سوودی نییە و نابێتە هۆی تۆمارکردنی دەنگ. دەنگدان تەنیا لە ڕۆژی دەنگداندا تۆمار دەکرێت و داتای دەنگدانی پێشوەختە تۆمار ناکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، کەس ناتوانێت کارتی بایۆمەتری کەسێکی دیکە بەکاربهێنێت، تەنیا دەنگدەر دەتوانێت بە کارتی خۆی دەنگ بدات. گوتیشی: تا ئێستا نزیکەی 50 سکاڵا لە کۆمیسیۆن تۆمار کراون.