زریانی میڵتۆن وێرانكاری لە فلۆریدا دروست كردووه

لە ئێوارەی چوارشەممەوە زریانێكی بەهێز بە ناوی میڵتۆن ڕووی لە كەناراوەكانی باشووری ویلایەتی فلۆریدا كردووە لە ئەمەریكا و بە ڕەشهبا و بارانێكی بەلێزمەوە گەیشتە وشكانییەكانی ئەو ویلایەتە و وێرانكارییەكی ئێجگار زۆری لێكەوتووەتەوە.
دوای سێ هەفتە لە زریانی هێلینا، زریانی مێڵتۆن بە هێزیكی زۆرەوە ڕووی لە ویلایەتی فلۆریدای ئهمهریكا كردووە و بەهۆی بەهێزییەكەیەوە بە پلە پێنج دادەنرێت لە نێو زریانەكانی تردا بەو واتایەی تەواو وێرانكەرە.
ئاژانسی ناوەندیی ئەمەریكی بۆ زریانەكان ڕایگەیاند، خێرایی ڕەشەباكەی مێڵتۆن گەیشتە 195 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و وێرانكارییەكی ئێجگار زۆری لە ژێرخانی ئابووری ویلایەتەكەدا دروست كردووە، بەشێوەیەك ڕەشەبا بەهێزەكە و بارانە بە لێزمەكەی خانووی هاووڵاتییان و باڵەكانی خاپوور كردووە، بەتایبەتی لە ناوچە ئاوهدان و نیشتهجێبووهكاندا و لەگەڵیدا نزیكەی سێ ملیۆن ماڵ بێ كارەبا بوون و لافاوێكی ئێجگار زۆریش لە شارەكاندا دروستبووە.
شارهداری ویلایەتی فلۆریداش لهمبارهیهوه ڕایگەیاند، 50 هەزار كرێكاری كارەبا لە ئامادەباشیدان بۆ چاككردنەوەی هێڵەكان پاش وەستانی زریانەكە.
جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكاش ئامادەباشی حكوومەتی ڕاگەیاند بۆ ڕزگاركردنی دانیشتووانەكە، دەڵێت لەبیریان ناكەن.
شارەزایانی بواری كەشوهەوا و بیمە لە خەمڵاندنێكدا زیانەكانی ئەم زریانەی مێڵتۆن بە 60 تا 70 ملیار دۆلار لەقەڵەم دەدەن لە ڕووی دارایی و باڵەخانە و ژێرخانی ئابووری و زیانەكانی ترەوە كە پەیوەندیدارن بە پچڕانی تەزووی كارەبا و لافاو.
شارەزایانیش هۆكاری ئەم زریانە دەگەڕێننەوە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە و چاوەڕوانیش دەكرێت لە داهاتوودا و بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی زەریاكان زەبری زریانەكان لە داهاتوودا گەورەتر بن.