بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت 139 کەس کوژران و بریندار بوون

لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئیسرائیل چەندین شار و شارۆچکەی لە لوبنانی بۆردومان کردووە بەهۆیەوە 139 کەس کوژران و بریندار بوون.

پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024 وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاوی کردەوە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی پایتەخت، 22 کەس کوژران و 117 کەسی دیکەش برینداربوونە.

مێدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئیسرائیل چەندین شار و شارۆچکەی لە لوبنان بۆردومان کردووە.دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەو کەسەی لە بۆردومانەکەی بەیرووت کراوەتە ئامانج، بەرپرسی هەماهەنگییەکانی حزبوڵڵا بووە.

هەر ئەمڕۆ جینین هێنیس پلاسخارت، ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لوبنان ڕووبەڕووی ململانێ و قەیرانێکی مرۆیی کارەساتبار بووتەوە، هیوای خواست کە ئیسرائیل شەڕەکە ڕابگرێت".

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە: "ئیسرائیل لە 23ـی ئەیلوولەوە هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵلای لوبنانی دەست پێ کردووە، کە بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 190 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون".

لای خۆیەوە عمران ڕەزا، ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، ڕایگەیاند: "لوبنان ڕووبەڕووی یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکان بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا". ئاماژەی بەوەش داوە: "600 هەزار کەس لە ناوخۆی وڵات ئاوارە بوون و زیاتر لە 350 هەزاریان منداڵن".